ئه‌مڕۆ ساڵیادی كۆچی دوایی هه‌ژار مۆكریانی، ئه‌دیب و زمانه‌ڤانی کورده
K24 - واشنتن:
هه‌موو ساڵێك، رێکكه‌وتی 21ی مانگی شوبات/فێبرێوه‌ری، به‌رانبه‌ر به 2ی ره‌شەممه، یادی كۆچی دوایی هه‌ژار مۆكریانی، ئه‌دیب و زمانه‌ڤانی به‌توانا و لێهاتووی کورد دەکرێتەوە.
عه‌بدوڵره‌حمان شه‌ڕه‌فكه‌ندی، كه ناسراوه به "مامۆستا هه‌ژار" له ساڵی 1921ـی زایینی له بنه‌ماڵه‌یه‌کی ئایینی له شاری مه‌هاباد له‌دایک بووه و له ساڵی 1991ـی زایینی، به‌رانبه‌ر به 1369ـی هه‌تاوی، له ته‌مه‌نی 70 ساڵیدا كۆچی دوایی کردووه.
مامۆستا هه‌ژار که خوێندنی ئایینی تەواو کردبوو، شاره‌زایه‌کی ته‌واوی له زمان و وێژه‌ی کوردی هه‌بوو. ناوبراو یه‌کێک له به‌شدارانی پێکهاتنی کۆماری کوردستان و ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد (ژێ کاف) بووه.
پاش رووخانی كۆماری کوردستان له مهاباد، هه‌ژار رووی كردووه‌ته باشووری كوردستان و دواییش له شاری به‌غدا نیشته‌جێ بووه.
له دوای رێككه‌وتتنامه‌ی 11ی ئازاری 1970ـی زایینی، پەرێوەی شاری به‌غداد بووە و لەوێش بۆ سازدان و رێکخستنی كاروباری یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد که له رێکكه‌وتی 10-2-1970 دامه‌زرا بوو، تێکۆشاوە.
هه‌ژار بۆ ماوه‌یه‌ک سه‌رۆکی یه‌كێتی نووسه‌رانی کورد بووه. ناوابراو پاش شۆڕشی گه‌ڵانی ئێران لە ساڵی 1979دا، گۆڤاری ئه‌ده‌بی ئاوێنه‌ی له ئێران بڵاوده‌کردوه‌وه.
مامۆستا هه‌ژار ساڵی 1991ـی زایینی، بەرامبەر بە 1369ـی هه‌تاوی له شاری که‌ره‌ج کۆچی دوایی کرد و پاشان ته‌رمه‌که‌ی به‌رێزه‌وه لە لایەن کوردستانیانەوە هێنرایەوە شاری مەهاباد و له گۆڕستانی بوداغسوڵتان دا، له نێو ئاپۆڕای جه‌ماوه‌رێکی زۆردا، له ته‌نیشت کۆنه یاری خۆی، واته شاعیری گەورەی کورد مامۆستا هێمن، به خاک سپێردرا.
هه‌ژار له ژیانیدا کوێره‌وه‌ری و چه‌رمه‌سه‌ری زۆری بینیوه و لەباری سیاسییەوە خۆی بە قوتابی بارزانی زانیوە و ئەویندارێکی سەوداسەری مەرحومی مەلا مستەفای بارزانی بووە، دیارە نەمر بارزانی، رێزێکی زۆری بۆ ئەو گەورەی پیاوەی دونیای ئەدەب و هونەر هەبووە.
هه‌ژار وێرای وه‌رگێڕانی شه‌ره‌فننامه و چوارینه‌کانی خه‌یام و " قانون در طب" ئه‌بو عه‌لی سینا، زۆر بابه‌تی دیکه‌ی به‌پێزو سوودمه‌ند، ئه‌م بڵاووکراوانه‌شیی هه‌ن:
1- دیوانه شیعری بۆ كوردستان.
2- به‌یتی سه‌ره مه‌ڕ.
3- هۆزی له بیركراوی گاوان، له عه‌ره‌بییه‌وه كردووته كوردی، له نووسینی دوكتۆر مسته‌فا جه‌واد.
4- دیوانی شێخ ئه‌حمه‌دی جزیری، ده‌ق و مانا لێكدانه‌وه.
5- فه‌رهه‌نگی هه‌مبانه بۆرینه (كوردی، كوردی، فارسی).
6- په‌رتووكی چێشتی مجێوه‌ر، ژیان و بیره‌وه‌ریه‌کانی هه‌ژار له خۆ ده‌گرێت.
7- وه‌رگێڕانی قورئان بۆ سه‌ر زمانی كوردی...هتد.