مایکرۆسۆفت سەرجەم یارییەکانی Call of Duty ده‌كڕێته‌وه‌

K24 - هەولێر:

سەرجەم یارییەکانی Call of Duty لەهەمان کاتدا لەسەر نینتێندۆ بڵاودەکرێتەوە کە لەسەر ئێکسبۆکس بەردەست دەبێت، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی بۆ کڕینی ئه‌و یارییانه‌، بە 69 ملیار دۆلار مایکرۆسۆفت لەگەڵ نینتێندۆ رێکەوت.

پار ساڵ مایکرۆسۆفت رایگەیاند دەیانەوێت کۆمپانیای ئاکتیڤژن بلیزارد بکڕن کە دروستکەری یارییەکانی وەکو Call of Duty و Candy Crush و چەندین یاری بەناوبانگن بە 69 ملیار دۆلار، بۆ ئەنجامدانی ئەم کڕینە زەبەلاحە مایکرۆسۆفت دەبێت رێگەپێدان لەلایەن حکومەتەکانی جیهان وەرگرێت تا لەدادگا توشی یاسای قۆرخکاری بازاڕ نەبێت.

بۆیە مایکرۆسۆفت رایگەیاند بە کڕینی ئەو کۆمپانیایەی Call of Duty بڵاودەکاتەوە پلانیان نییە Call of Duty تەنیا لەسەر ئێکبسۆکس بەردەست بخەن، بازاڕ قۆرخ ناکەن و دەیانەوێت لەسەر پلەیستەیشن و نینتێندۆ ئەو یارییانە بەردەست بخەن، ئەم هەوڵەی مایکرۆسۆفت نیگەرانییەکی گەورەی لەلایەن کۆمپانیای Sony دروستکەری پلەیستەیشن لێکەوتەوە چونکە سۆنی دەڵێت مایکرۆسۆفت دەیەوێت بازرگانی ڤیدیۆ یارییەکان بۆ خۆی قۆرخ بکات، کە دووەم گەورەترین و پڕ داهاترین بازاڕە لە دوای نەوت لە جیهاندا.

ساڵی رابردوو، یارییه‌ ڤیدیۆییه‌كان زیاتر لە 260 ملیار دۆلار داهاتیان کۆکردووەتەوە، فیلم، میوزیک و وەرزش بەیەکەوە نەیانتوانیوە 90 ملیار دۆلار داهات کۆکەنەوە، بۆیەش کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژی چاویان لە یارییه‌ ڤیدیۆییه‌كانه‌ تا داهاتی ساڵانەیان بەرزبکەنەوە.

نوێترین هەوڵی مایکرۆسۆفت بۆ رازیکردنی کۆمپانیاییەکی وەک نینتێندۆیە کەماوەی چەندین ساڵە یارییەکانی وەکو Call of Duty لەسەر بلاونەکراوەتەوە، لە 2023ـەوە مایکرۆسۆفت دەڵێت سەرجەم یارییەکانی COD لەسەر ئەم پلاتفۆرمەش بەردەست دەخەین وەکو چۆن لەسەر ئێکسبۆکس و پلەیستەیشن بەردەستی دەخەن گەر بێت و کڕینی ئاکتیڤژن لەلایەن دادگای ئەوروپی و ئەمەریکی رێگەی پێبدرێت.