رێباز حه‌ملان: پێداگیری ده‌كرێت بۆ جێگیركردنی مافی هه‌رێمی كوردستان له به‌رهه‌مهێنان و فرۆشتنی نه‌وت و غاز
K24 - هه‌ولێر:
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێداگیری ده‌كات له‌سه‌ر جێگیركردنی مافی به‌رهه‌مهێنان و فرۆشتنی نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان له یاسای نه‌وت و غازی فیدراڵی.
رێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری ئابووری و كارگێری بۆ كوردستان24ـی جه‌ختی له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه بۆ پاراستنی مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی فیدراڵی له عێراقدا.
سه‌باره‌ت به دانوستانه‌كانی نێوان هه‌ردوو شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق له‌باره‌ی ئاماده‌كردنی ره‌شنووسی یاسای نه‌وت و غازی فیدراڵی له‌سه‌ر بنه‌مای كارنامه‌ی په‌سه‌ندكراوی حكومه‌تی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه، رێباز حه‌ملان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێداگیری ده‌كات له‌سه‌ر جێگیركردنی مافی به‌رهه‌مهێنان و فرۆشتنی نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان له یاسای نه‌وت و غازی فیدراڵی.
هه‌روه‌ها رێباز حه‌ملان روونیشیكرده‌وه، یه‌كێك له خاڵه سه‌ره‌كییه‌كانی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر دۆسیه‌ی هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و یه‌غدا، هه‌وڵدانه بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی یاسای نه‌وت و غازی فیدراڵی له‌م خوله‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا.