نوێترین پێنج فیلمی 2023 ئێستا دەتوانیت بیانبینیت

K24 - هەولێر:

لە کەوتنە خوارەوەی فرۆکە بۆ هاتنی قیامەت، رۆبۆتێکی بکووژ و زانکۆی ئەزهەری میسر - ئێستا لە ئۆنڵاین دەتوانن بینەری ئەم فیلمانە بن. 

2023 بەڵێنێکی گەورەیە بۆ فیلمەکان، ئەمساڵ فیلمی گەورە و چاوەروانکراوی زۆر هەن چاوەڕوانیان بین، پێنج فیلممان بۆ دەستنیشان کردوون نوێن وە شایەنی بینینن وە لە ئۆنڵاین بەخۆڕایی بەردەستن ئێستا بینەریان بن.

فیلمی Plane نوێترین فیلمی ئەستێرەی هۆڵیوود جێرارد بەتڵەرە، فیلمێک لەسەر کەوتنە خوارەوە فرۆکەیەکی سڤیل بۆ سەر دورگەیەکی بێ حکومەت لەلایەن هێزی چەکداری نەناسراو کۆنترۆڵ بکرێت، کاپتنی فرۆکەکە بە ئەرکی خۆی دەزانێت پارێزگاری لە ژیانی سەرجەم سەرنشینان بکات.

فیلمی Knock at the Cabin نوێترین بەرهەمی دەرهێنەری فیلمە نهێنییەكان ئێم نایت شامەڵانە، ئەمجارە بە فیلمێکی تەواو جیاواز بینەرانی تاقیدەکاتەوە، چیڕۆکەکەی باسی چەند کەسێکی نەناسراو دەکات، هێرش دەکەنە سەر خانەوادەیەک لە کابینەیەکی گەشتیاری هاوینە، پێیان دەڵێن دەبێت خۆیان کەسێک بکەنە قوربانی گەر نا قیامەت بەرپا دەبێت، مرۆڤایەتی لەناودەچێت.

فیلمی Missing ئەم فیلمە هاوشێوەی فیلمی Searching لەلایەن هەمان ستاف دروستکراوە کە باسی ونبوونی دایک و باوکێک لە باشووری ئەمریکا دەکات، کچەکەیان هەوڵدەدات بە لۆکەیشنی مۆبایل و بەبەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم بیاندۆزێتەوە، تەواوی ئەو فیلمە لە شاشەی مۆبایل و کۆمپیوتەر دروستکراوە.

فیلمی Cairo Conspiracy بەرهەمێکی عەرەبییە و باسی گەنجێک دەکات لە بەناوبانگترین زانکۆی ئیسلامی لە میسر وەردەگرێت، بەڵام لەگەڵ وەرگیرانی دەکەوێتە ناو جەنگێکی تاییفی ئایینی کە خۆیەکلاکردنەوەی بۆ لایەک لەوانەیە ژیانی بخاتە مەترسی و بە تیرۆرست هەژمار بکرێت.

فیلمی M3GAN بەناوبانگترین فیلمی 2023ـە تا ئێستا، چیڕۆکی کۆمپانیایەک دەگێرێتەوە رۆبۆتێک دروستدەکات دەبێتە خاوەنی ژیری دەستکرد، دەتوانێت بیربکاتەوە و بڕیار بدات، وەکو مرۆڤ هەڵسوکەوت بکات، دوای ئەوەی دایک و باوکی لە رووداوێکی ئۆتۆمبێل لەدەستدەدات، کچێکی بچووک لەلایەن پلکییەوە ئەو رۆبۆتەی بە دیاری بۆ دەکڕێت بەناوی مێگن، بەڵام ئەو رۆبۆتە جگە لە پاراستنی ئەو منداڵە هێزێکی خراپی هەیە هەوڵی کوشتنی هەمووان دەدات.