ئه‌مڕۆ یادی له‌دایكبوونی جۆنی کاشه‌ كه‌ خاوەنی 1500 گۆرانییە

K24 - هەولێر:

ئەو هونەرمەندەی 1500 گۆرانی تۆمارکراوی هەیە و بە باوکی گۆرانی کەنتری ئەمریکی دادەنرێت، گەر زیندووبا ئەمڕۆ تەمەنی دەبووە 91 ساڵ.

جۆنی ئاڕ کاش گۆرانیبێژ و گۆرانی نوسێکی بەناوبانگی ئەمریکییە، بە گۆرانی لە جۆری کەنتری دەناسرێت، لە ساڵی 1932 لە دایکبووە و لە 2003 کۆچی دواییکرد.

جۆنی کاش لە ماوەی ژیانی هونەری 67 ئەلبوومی تۆمارکراوە، 16 ئەلبوومی گۆرانی راستەوخۆی هەیە و 105 ئەلبوومی تێکەڵەی هەیە، خاوەنی 1500 گۆرانی تۆمار کراوە.

کاش بە هەژاری دەستی بە ژیانی هونەری کرد، وەکو لە فیلمی Walk The Line باس دەکرێت هۆکاری بەناوبانگبوونی هەر لە سەرەتای ژیانی هونەری بۆ دەنگە خۆشەکەی و تێکستی گۆرانییەکانی دەگەڕێتەوە، کە پێچەوانەی گۆرانی هونەرمەندانی دیکەی کەنتری، شعرەکانی کاش باسی ژیانی ئەوی دەکرد و بە ئاوازی فۆلکلۆری ئەمریکی و ئەمریکی رەسەن دەیوتنەوە.

کاش دووجار هاوسەرگیری کردووە، بەهۆی خۆشویستی گۆرانیبێژێکی ئەو کاتە بەناوی جون کارتەر جۆنی کاش هاوژینەی یەکەمی جێ دەهێڵێت، دواجار بەهۆی مردنی جونی هاوژینەی لە 2003 جۆنی کاش لە غەم و پەژارەی ئەو خۆشەویستەی کۆچی دوایی دەکات.

هۆڵیوود فیلمێکی سینەمایی بەناوی Walk The Line لەسەر ژیانی جۆنی کاش دروستکردووە، براوەی خەڵاتی ئۆسکار واکین فینێکس رۆڵگێڕی جۆکەر لەو فیلمە بە رۆڵی جۆنی کاش بەشدارە.