هیو جاکمان: رۆڵگێڕانم بۆ وۆڵڤەڕین دەنگی تێکداوم

K24 - هەولێر:

دڵخوازی هەواداران لە فیلمەکانی X-Men هیو جاکمان دەڵێت حەزدەکەم رۆڵی وۆڵڤەڕین بگێڕم بەڵام دەنگی راستەقینەی خۆمم لەدەستداوە بەهۆی ئەو کارەکتەرە.

لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ Hollywood Reporter ئەکتەری ئوسترالی هیو جاکمان باسی گەڕانەوەی بۆ نواندنی کارەکتەری وۆڵڤەڕین دەکات، کە بڕیارە لە فیلمی DeadPool 3 بە هاوبەشی رایان رێنۆڵدس بەدیار کەوێتەوە.

جاکمان دەڵێت "کاتێک رۆڵی وۆڵڤەڕینم دەگێڕا دەبوایە بەردەوام دەنگی خۆم قوڕستر بکەم لە چاو دەنگی خۆم بەشێوەیەکی ئاسایی، دەبوایە زۆر هاوار بکەم، شێوەزارە ئوسترالییەکەم بۆ ئەمریکی بگۆڕم، ئەمەش وای لە دەنگی من کرد بگۆڕێت و دەنگی تێکداوم".

"وۆڵڤەڕین یان ڵۆگن کارەکتەرێکی خۆشەویستە لەلام، دەزانم هەواداران بەو کارەکتەرە منیان ناسیوە و خۆشدەوێت، بۆیەش هەموو توانای خۆم بۆ فیلمە نوێیەکە دەردەخەم" جاکمان لە چاوپێکەوتنەکەدا رایگەیاند.

بڕیارە لە پایزی 2024 فیلمی Deadpool 3 لە سینەماکان نمایشبکرێت، بۆ جارێکی دیکە کارەکتەری وۆڵڤەڕین دەگەڕێتەوە سەر شاشە گەورەکە، چیڕۆکەکەی باسی پێش رووداوەکانی فیلمی Logan دەکات، چونکە فیلمی ڵۆگن دوا فیلمی کارەکتەری وۆڵڤەڕینە و کۆتایی بە چیڕۆکەکەی هات.