وەرزی چوارەمی زنجیرەی Succession دوا وەرز دەبێت

K24 - هەولێر:

وەرزی چوارەمی زنجیرەی Succession دوا وەرز دەبێت و هه‌وادارنیشی ده‌پرسن، کێ شوێنی پیاوە 120 ملیار دۆلارییەکە دەگرێتەوە کە دەسەڵاتی لە سەرۆکی ئەمه‌ریکا زیاترە.

لەوانەیە هەواداران بەدڵیان نەبێت بەڵام جێسی ئارمسترۆنگ نوسەر و دروستکەری زنجیرەی Succession بە ‌THRـی راگەیاند وەرزی چوارەم دوا وەرز دەبێت.

ئارمسترۆنگ دەڵێت " بەهۆی ئەوەی زنجیرەکە لەسەر میرات و شوێنگرەوەیە، لەسەرەتاوە بیرمان لە کۆتاییەکەی کردووەتەوە، بەڵام هەر دەموت ئەم وەرزە یان وەرزی داهاتوو، ئێستا روونە، وەرزی چوارەم کۆتا وەرزە".

زنجیرەی تەلەڤزیۆنی Succession براوەی خەڵاتی ئێمییە کە هاوشێوەی ئۆسکارە بۆ زنجیرەکان، بە زنجیرەی برەکین بادی نوێ دادەنرێت، زنجیرەیەکی سەرکەوتووە و بەیەكێک لە باشترین چیرۆکە درامییەکانی تیڤی هەژمار دەکرێت.

زنجیرەکە تا ئێستا سێ وەرزی لە تۆڕی HBO لێ پەخشکراوە، بە گشتی باسی خاوەن زنجیرە کۆمپانیایەکی زەبەلاح دەکات لە ئەمریکا، خاوەنی گەورەترین زنجیرە کەناڵی تەلەڤزیۆنییە لە جیهاندا، ئەو پیاوە داهاتەکەی بە 120 ملیار دۆلار دەخەملێنرێت، خاوەنی چوار منداڵە، منداڵەکانی بەردەوام لە رکابەری و پیلانن میراتی باوکیان بەربکەوێت کاتێک باوکیان توشی نەخۆشییەکی کوشندە دەبێت لە تەمەنی 80 ساڵیدا، بەڵام سەرباری نەخۆشییەکەی بەهۆی دەسەڵاتی میدیایی حوکمی هەموو ئەمریکا لەرێگەی کەناڵەکانی دەکات و تەنانەت دەتوانێت سەرۆکی ئەمریکاش لەرێگەی حیزبی کۆمارییەکانەوە بگۆڕێت.

وەرزی چوارەمی ئێستا لە بەرهەمهێنانە و بڕیارە لە 26ـی ئادار لە تۆڕی HBO ئەڵقەی یەکەمی لێ بڵاوبکرێتەوە.