عێراق ئاماده‌كاری بۆ كاتی روودانی بوومه‌له‌رزه‌ و لافاو ده‌كات

عێراق ئاماده‌كاری بۆ روودانی بوومه‌له‌رزه‌ و لافاو ده‌كات
عێراق ئاماده‌كاری بۆ روودانی بوومه‌له‌رزه‌ و لافاو ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق بڕیاریدا ژوورێكی فریاگوزاری خێرا بۆ رزگاركردنی خێزانه‌كان له‌كاتی دروستبوونی هه‌ر پێشهات و قه‌یرانێك به‌هۆی گۆڕانی كه‌شوهه‌واوه‌ پێكبهێنرێت.

وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق، ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 27ـی شوبات / فێبرایه‌ری 2023) راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: به‌ ئاماده‌بوونی فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ‏بەغدا و نوێنه‌رانی وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌نداره‌كان و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان IOM , UNHCR , UNICEF , WFP, ICRC)، ئیڤان جابرۆ وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی تایبه‌ت به‌ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ روودانی هه‌ر رووداوێكی سرووشتیی و دروستبوونی وێرانكاری (لافاو و بوومه‌له‌رزه‌) و رزگاركردنی خێزانه‌كان، كرد.

له‌مباره‌یه‌وه‌ وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، به‌هۆی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا، ره‌نگه‌ عێراق دووچاری لافاو و بوومه‌له‌رزه ببێته‌وه‌، بۆیه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ده‌ستیكرد به‌ دروستكردنی ژوورێكی تایبه‌ت به‌ فریاگوزاری خێرا و رزگاركردنی خێزانه‌كان له‌كاتی روودانی لافاو و بوومه‌له‌رزه‌، تا ئاماده‌كاری بكه‌ن بۆ روودانی هه‌ر پێشهاتێك.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق، بڕیاردرا پلانێك بۆ (پێش روودانی كاره‌سات، كاتی روودانی كاره‌سات و قۆناغی دوای روودانی كاره‌سات) ئاماده‌بكه‌ن.

7