ئەمه‌ریکا پاکێجێکی دیکەی هاوکاری دەداتە ئۆکرانیا

ئاڵای ئه‌مه‌ریكا و ئۆكرانیا
ئاڵای ئه‌مه‌ریكا و ئۆكرانیا

K24 – هه‌ولێر:

ئەمه‌ریکا پاکێجێکی دیکەی هاوکاری بە بڕی یەک پۆینت دوو ملیار دۆلار دەداتە ئۆکرانیا.

جانێت یەلین، وەزیری گەنجینەی ئەمه‌ریکا لە سەردانێکی بۆ کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئەو وڵاتە رایگەیاند، بڕیاریانداوە 1 پۆینت 2 ملیار دۆلار وەک هاوکاری بدەنە حکومەتی ئۆکرانیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی رووسیا.

ئاشکراشیکرد، ئەمە یەکەم بەشی پاکێجێکی هاوکارییەکی 10 ملیار دۆلارییە، کە بڕیار وایە ئەمه‌ریکا لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا پێشکەشی ئۆکرانیای بکات.

وەزیری گەنجینەی ئەمه‌ریکا جەختیشیکردەوە، هاوکارییە ئابوورییەکانی ئەمه‌ریکا هاوکاربووە بۆ حکومەتی ئۆکرانیا لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان وەک دابینکردنی مووچەی کارمەندانی شارەوانی، ئاگرکوژێنەوە و مامۆستایان.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.