هەفتەی داهاتوو فیلمە نوێیەکەی جەیسن ستەیسهام بڵاودەکرێتەوە

K24 - هەولێر:

ستەیسهام بۆ جارێکی دیکە لەگەڵ دەرهێنەر گای ریچی لە فیلمێکی ئەکشن، تاوانکاری و کۆمیدی Operation Fortune لە سێی ئادار لە سینەماکان نمایشدەکرێت.

بریکاری تایبەت ئۆرسن فۆرچن و تیمەکەی بە یاوەری ئەکتەرێکی بەناوبانگی هۆڵیوود لە ئەرکێکی نهێنی گەورەدا هەوڵی کڕین و فرۆشتنی چەکێکی مەترسیدار دەدەن کە لەتوانای دایە جیهان لەناوببات، ئەمە چیڕۆکی فیلمی Operation Fortuneـە.

فیلمەکە لەلایەن دەرهێنەری بەتوانا Guy Ritchie کاری دەرهێنانی بۆ کراوە کە پێشتر فیلمەکانی وەکو Snatch و Gentlemanـی وەکو نموونە لەسەر هەمان ستایڵ دروستکردووە.

ریچی بۆ جارێکی دیکە کار لەگەڵ ئەکتەری فیلمە ئەکشنەکان جەیسن ستەیسهام دەکات لەو فیلمە، جگە لە جەیسن، هەریەکە لە ئابوری پلازا، کاری ئێڵویس، هیو گرانت، جۆشن هارنێت و ئێدی مارسن رۆڵ لەم فیلمە ئەکشن و کۆمیدییە دەگێڕن.

بڕیارە فیلمی Operation Fortune: Ruse de guerre لە بەرواری سێی ئادار لە سینەماکانی جیهان نمایشبکرێت، بڕیار بوو لە 2022 فیلمەکە نمایشکرابا بۆ ئەمساڵ دواخرا، هەفتەی داهاتوو نمایشی دەستپێدەکات.