بەبێ بەشداری رۆکی هەفتەی داهاتوو فیلمی كرید 3 لە سینەماکان نمایشدەکرێت

K24 - هەولێر:
کاتی سڵڤستەر ستالۆن لە فیلمەکانی رۆکی بە کۆتا هات، کرید کە بەشێکە لە زنجیرە فیلمی رۆکی بەشی سێیەمی بە پاڵەوانییەتی مایکڵ بی جۆردن و ئەستێرە گەرمەکەی جیهان جۆنەسن مەیجەرس لە سینەماکان نمایشدەکرێت.
چاوەڕوانییەکان زۆرن، هیواکان بەرزن بۆ ئەوەی زنجیرە فیلمی رۆکی و کرید بە بێ بەشداری سڵڤستەر ستالۆن سەرکەوتووبێت، سێیەم فیلمی کرید چیڕۆکی ئادۆنیس درێژە پێدەدات، لە پیشە و ژیانی تایبەتی دەگەشێتەوە و زۆر بەرەوپێشدەچێت، تا ئەو کاتەی هاوڕێیەکی منداڵی، بۆکسەری پێشوو بەدیار دەکەوێت، بەرەنگاربوونەوەیان تەنیا شەڕێکی بۆکسینگ نییە، جەنگی هەڵگری میراتی هەردوولایە.
ئەمە یەکەم جارە مایکڵ بی جۆردن وەکو پاڵەوان و دەرهێنەر لە فیلمێکی سینەمایی ببیندرێت، بۆیەش ئەو فیلمە تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ ئەو ئەستێرەیەی هۆڵیوود کە جگە لە فیلمەکانی کرید نەیتوانیوە شوێنپەنجەی خۆی وەکو پاڵەوانی فیلمەکان بدۆزێتەوە، جۆنەسن مەیجەر ئێستا فیلمێکی دیکەی لە سینەماکان نمایشە کە ئانت مانی سێیە، لەوێ رۆڵی خراپەکارە گەورەکەی مارڤڵ، کانگ دەگێرێت، لەو فیلمەی کریدیش هەر رۆڵی خراپەکار دەگێرێت، مەیجەرس ساڵێکی گەورە لە پیشەکەی بەڕێ دەکات، گەر بێت و ئەو فیلمەی کرید داهاتێکی باش کۆکاتەوە، ناوەکەی بەیەکجاری لەسەر نەخشەی هۆڵیوود چاپ دەکرێت و لە فیلمی گەورەتریش دەبینینین.
کرید سێ فیلمێکی دراما و وەرزشی بۆکسینگە، درێژەپێدەری زنجیرە فیلمی رۆکییە و بۆ سەرووی سێزدە ساڵانە، بڕیارە لە سێی ئادار لە سینەماکان نمایشبکرێت.