رێواز فایەق: هەڵبژاردن بابەتێكی نیشتیمانییە و دەبێت بكرێت

"ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردن كاری لە پێشینەمانە"
رێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
رێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردن كاری لە پێشینەمانە و هەڵبژاردن بابەتێكی نیشتیمانییە و دەبێت بكرێت.

رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌نووسی رایگه‌یاند، بە راوێژ لە گەڵ ھێز و لایەنە سیاسییەكان كاری لە پێشینەی پەرلەمانی كوردستان، ئامادەكارییە یاساییەكانی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانە.

رێواز فایەق گوتیشی، ھەڵبژاردن بابەتێكی نیشتمانییە و دەبێت ھەموو ھێزە سیاسییەكان متمانەیان بە ھەڵبژاردن ھەبێت.

دوای كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی و مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی پارتی له‌ هه‌ولێر، بڕیاریاندا له‌سه‌ر ئاستی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌كانیان به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ گفتوگۆی زیاتربكه‌ن.

پێشتریش په‌یامنێری كوردستان24 ئاشكرایكردبوو، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر ئاستی ده‌زگای هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر چوار  خاڵ رێككه‌وتوون كه‌ بریتین له‌:

- هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به چوار بازنه ئه‌نجامبدرێت.

- شێوازی هەڵبژاردن نیوە بە لیستی کراوە و نیوە بە لیستی داخراو بێت.

- ژمارەی کورسی بازنەکان لەسەر بنەمای ئاماری وەزارەتی بازرگانی عێراق بێت.

- هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بکرێت بۆ سوودوەرگرتن لە لیستی تۆماری دەنگدەران.