ئه‌نەکەسە باره‌گا له‌ عه‌فرین ده‌كاته‌وه‌

"وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خێرای هه‌رێمی كوردستان و ده‌زگای خێرخوازی بارزانی بۆ پێشكه‌شكردنی هاوكاری بۆ زیانلێكه‌وتووان، كاریگه‌رییه‌كی به‌رچاوی هه‌بوو"

K24 - هەولێر

سکرتاریەتی گشتی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ئەنەکەسە) بڕیاریدا بارەگای فەرمی لە شاری عەفرین و شارۆچکەی جندرێس-ی رۆژئاوای کوردستان بکاتەوە.

سەرکردەکانی ئەنەکەسە دەڵێن: ئامانجمان کاراکردنی رۆڵی ئەنجومەنەکەیە، بە کردنەوەی بارەگای ناوخۆیی بۆ یارمەتیدانی زیانلێكه‌وتووان و کەمکردنەوەی ئازارەکانیان، هەروەها به‌ بەڵگەنامەکردنی ئەو زیان و پێشێلکاریانەی کە بەرامبەر بە دانیشتووانەکەی ئەنجامدراوە.

پێشتر ئەنەکەسە لە 17ی شوباتی 2023 لە قامشلۆ لە کۆبوونەوەیەکەدا گفتوگۆیان لەبارەی ئەو پرسە کردووە، بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە پلانیان هەیە بۆهاوکاریکردنی خەڵک بارەگاکانیان لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی لە جندرێس بکەنەوە.

فەیسەڵ یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەن، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شه‌رقولئه‌وسه‌ت دا گوتی: لە ساتەوەختی بوومەلەرزەکەوە بانگەوازمان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوە مرۆیی و فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان کرد، کە ئەرکی خۆیان بەرامبەر بە زیانلێکەوتووانی ناوچە كه‌ راپه‌ڕێنن.

ئەنجومەنی نیشتمانی کورد رایگەیاند: کە جندرێس و عه‌فرین هاوشێوه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی سووریا كه‌ بوومه‌له‌رزه‌ تێیدا روویدا، ره‌خنه‌ی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی گرت و ده‌ڵێت، له‌ ئاستی پێویستدا نه‌بووه‌.

یوسف، گوتیشی:  "گەورەیی کارەساته‌ وێرانکارییەکە، له‌سه‌رووی توانای ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بوو، به‌ هه‌موو تواناكانمان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هاوكاری كارمانكرد.

ده‌شڵێت: وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خێرای هه‌رێمی كوردستان و ده‌زگای خێرخوازی بارزانی بۆ پێشكه‌شكردنی هاوكاری بۆ زیانلێكه‌وتووان، كاریگه‌رییه‌كی به‌رچاوی هه‌بوو، له ‌كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازاری زیانلێكه‌وتووان، بۆیه‌ سوپاسی سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک مەسعود بارزانیمان کردووە.

ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەن روونیشكرده‌وه‌، نوێنەرایەتییەکانی ئەنجومەنەکە لە دەرەوەی وڵات هاوکاری ماددی و فریاگوزارییان کۆکردووەتەوە و رەوانەی زیانلێکەوتووەکان دەکەن.

ئه‌و ئاماژەی بەوەشکرد: "داوامان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان کردووه‌،  کە هاوکاری راستەوخۆ پێشکەش بکەن و قەبارەی زیانەکانی مەیدانی هەڵسەنگێنن، پەناگەیەکی سەلامەت بۆ تووشبووان دابین بکەن، و پشتگیری پێویست پێشکەش بە خەڵکی رەسەنی ناوچەکە بکەن.

فەیسەڵ یوسف سیاسەتەکانی رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی سووریای بە هەڵوێستی "شۆڤێنی" لەسەر پرسی کورد، و بوونی کورد لەسەر خاکی مێژوویی خۆی تۆمەتبار کرد.

ئەنەکەسە پەیوەندی نێوان مافەکانی گەلی کورد و دیموکراسی لەو وڵاتە دووپاتکردەوە، لە رێگەی دامەزراندنی سیستەمێکی حوکمڕانی دیموکراسی لامەرکەزی کە مافەکانی هەموو خەڵکی سووریا دەستەبەر بکات.

شاری عەفرین  له‌سه‌ر سنووری باشووری تورکیایه‌  تا ساڵی 2018 لە رووی ئیداری و سەربازییەوە له‌ژێر ده‌ستی ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات بووە، به‌ڵام له‌ ئێستادا له‌ژێر ده‌ستی میلیشیاكانی سه‌ر به‌ توركیایه‌، كه‌ چه‌ندین پێشێلكارییان به‌رامبه‌ر هاووڵاتیانی سڤیل ئه‌نجامداوه‌.