هه‌میله گه‌ردی: فرۆشتنی دۆلار به نرخی بانكی ناوه‌ندی له فڕۆكه‌خانه‌كان ده‌ستپێده‌كاته‌وه

K24 - هه‌ولێر:
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئارتی بانك جه‌ختی له‌سه‌ر به‌رده‌وامی فرۆشتنی دۆلار به نرخی بانكی ناوه‌ندیی عێراق له فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه و ئاشكرایكرد، هه‌فته‌ی داهاتوو جارێكی دیكه ده‌ستپێده‌كاته‌وه.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه (4ـی ئادار/مارسی 2023)، هه‌میله گه‌ردی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئارتی بانك به كوردستان24ــی راگه‌یاند، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ی له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندییه‌وه ته‌رخانكراوه بریتییه له 2.5 ملیۆن دۆلار له هفته‌یه‌كدا و هه‌فته‌ی پێشوو له‌و بڕه پاره‌یه زیاتر له فرۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی فرۆشراوه.
سه‌باره‌ت به وه‌ستانی كاتی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش له هه‌ردوو فرۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی، هه‌میله گه‌ردی رایگه‌یاند، له‌كاركردن له‌گه‌ڵ بانكی ناوه‌ندیی عێراق به‌رده‌وامن بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕه پاره‌ی زیاتر له بری ته‌رخانكراوی ئه‌وان فرۆشراوه.
هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئارتی بانك ئاشكراشیكرد، ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی فرۆشتنی دۆلار به نرخی بانكی ناوه‌ندیی عێراق هه‌روه‌كو خۆی به‌شێوه‌ی گۆڕینه‌وه‌ی كاش نابێت به‌ڵكو له‌رێگه‌ی سه‌كۆیه‌كی ئه‌لیكترۆنییه‌وه، سه‌رجه‌م مامه‌ڵه‌كان له‌ژێر چاودێری بانكی ناوه‌ندی و وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكادا ده‌بن.