لە دوای راپەڕینەوە کەرتی کشتوکاڵ بەرەو بوژانەوە هەنگاوی باشی ناوە
K24 - هەولێر
کەرتی کشتوکاڵ لە دوای راپەرینی خەڵکی کوردستان لە قۆناغی وێرانکاریەوە بەرەو بوژانەوە و ئاوەدانکردنەوە هەنگاوی نا، لەم چەند ساڵەی دواییدا نزیکەی ملێونێک و 200 هەزار تۆن دانەوێلە بە بازاڕ کراوە و بەرهەمی میوە لەسەر ئاستی ساڵانە 300 هەزار تۆنی تێپەراندووە کە بەشێکی هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێت دیارترینیان هەنارە. هاوکات چەندین پڕۆژەی دیکەش وەک دروستکردنی بەنداو بۆ پەرەپێدانی سامانی ئاو دروستکراون.
لەماوەی 35 ساڵی دەسەڵاتی رژێمی بەعس، رووبەڕووبوونەوەی عێراق بە تەنگەژەی کۆمەڵایەتی، رامیاریی، و ئابووریی و کەمبوونی تێکڕای داھاتی ساڵانەدا تێپەڕی، وێرانکاری گوندەکان لە دیارترین تراژیدیای ئەو رژێمە بوو، کە جگە لە راماڵین بەکۆمەڵی دانیستوانی گوندەکان بە جۆرێک خاک و زەوی و ژینگەی ناوچەکانی وێرانکرد، کە چەندین ساڵانی پێچوو تا بتوانرێت جارێکی دیکە ببوژێنرێتەوە. سەردەمی راپەڕین کۆتایی بەو وێرانکاریە هێنا. هەرێمی کوردستان لە چەندین بەروبوومی کشتوکاڵی گەیشتووەتە خۆبژێوی و بەشێکیشی هەناردە دەکاتە ناوەڕاست و خواروی عێراق و هوندێک لە وڵاتانیش.
لەم چەند ساڵەی دواییدا نزیکەی ملیونێک و 200 هەزار تۆن دانەوێڵە لە هەرێمی کوردستان بە بازار کراوە و زیارتر لە 15 هەزار تۆن بنەتۆی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە بەرهەم هێنراوە.
بەرهەمی میوە لەسەر ئاستی ساڵانە 300 هەزار تۆنی تێپەراندووە کە بەشیکی هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێت لە دیارترینیان هەنارە، هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە چەندین بەرهەمی دیکە هەناردە بکات وەک ترێ و سێو هەنگوین .
لە بەرهەمهێنانی زۆربەی سەوزەکانیش هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی کە لەسەر ئاستی ساڵانە نزیکەی 750 هەزار تۆن بەرهەمدەهێنرێت .
لە سامانی پەلەوەریش چەندین پرۆژەی جیاواز خراونەتە گەڕ وەک پرۆژەی (پەلەوەری گۆشت، هێلکەی خواردن، سەربرخانە، کارگەی ئالیک و چەندین پرۆژەی دیکە) بەمەش ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 2 هەزار پرۆژە.
لە سامانی ئاژەڵیش چەندین پرۆژەی بەخێوکردن و قەڵەوکردن و سەربڕخانە هەن کە ژمارەیان دەگاتە 255 پرۆژە، هەروەها لە هەنگەوانی ژمارەی پوورهەنگەکان گەیشتووەتە نزیکەی 600 هەزار و بەرهەمی ساڵانەیان نزیکەی 850 تۆنە.
هاوکات لە پێش راپەڕین سێ بەنداوی گەورە لە باشووری کوردستان هەبوون، بەڵام دواتر 18 بەنداوی گەورە و بچووک دروستکران و لە کابینەی نۆیەمیش رەزامەندی بۆ دروستکردنی 17 بەنداوی دیکە دراوە.