راوێژکاری ئەڵمانیا: لێرە بەدواوە قورسە پێشبینی رووداوەکانی ئۆکرانیا بکرێت
K24 - ههولێر:
ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد، لێرە بەدواوە قورسە پێشبینی رووداوەکانی ئۆکرانیا بکرێت، بهڵام بهردهوام دهبن له پێدانی چهك و پێداویستییه سهربازییهكان بهو وڵاته.
شۆڵز، کە لە 3ی ئادار لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووهوە، لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ کەناڵی CNNی ئەمهریکی باسی لە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا کرد.
راوێژکاری ئەڵمانیا، باسی لەوە کرد، رووسیا وەکو ئەوەی چاوەڕاونی دەکرد لە ئۆکرانیا سەرکەوتوو نەبووە و رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە بابەتی بەهێزیی ئۆکرانییەکان و یەکگرتوویی دۆستەکانیان کە پاڵپشتییان دەکرد هەڵە بووە.
ئۆلاف شۆڵز گوتی، لێرە بەدواوە قورسە پێشبینی ئەوە بکەیت کە ئیتر چی لە ئۆکرانیا روودەدات، "بەڵام شتێک زۆر روونە. بەردەوام دەبین لە پێدانی هاوکاری ئابووری و مرۆیی و لە هەمان کاتیشدا پاڵپشتیی چەک بە ئۆکراینا".
شۆڵز، جەختی لەوەش کردەوە، بڕیار لەسەر هیچ شتێک بەبێ ئۆکرانییەکان نادرێت و گوتی: "دەبێت پوتن لەوە تێبگات کە داگیرکردنی (ئۆکرانیا) و شەڕانگێزییە ئیمپریالییەکانی سەرکەوتوو نابێت و دەبێت یەکە سەربازییەکانی بکشێنێتەوە. ئەمە بنەمای دانوستانەکانە".