ستۆڵتنبێرگ: دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا بەردەوامبین

 یێنس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ
 یێنس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ

K24 - هه‌ولێر:

سکرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ رایده‌گه‌یه‌نێت،  لە ساڵی رابردووەوە تا ئێستا، ناتۆ بە بڕی 158 ملیار دۆلار هاوکاری ئۆکرانیای کردووە و 69 ملیاریش تەنیا بۆ پاڵپشتی سەربازی بووە.

یێنس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ رایگەیاند، تاکو لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە نۆرد ستریم نەگاتە کۆتایی، هیچ لایەنێک تۆمەتبارناکەن. 

ستۆڵتنبێرگ هه‌روه‌ها گوتی: "دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا بەردەوامبین، هاوپەیمانانی ناتۆ لە ماوەی ساڵێکدا لە رووی سەربازی و داراییەوە پاڵپشتی ئۆکرانیایان کردووە کە نزیکەی 158 ملیار دۆلار دەبێت، 69 ملیار دۆلار تەنیا بۆ هاوکاری سەربازی بووە، زۆر گرنگە بە زووترین کات ئاستی بەرهەمهێنانی تەقەمەنی زیاد بکرێت، ئەو بابەتە ماوەیەکە لەلایەن هاوپەیمانانی ناتۆوە باسکراوە و ئێستاش لەسەر رێنوێنی رێکدەکەوین".

هه‌روه‌ها گوتیشی: "دەبێت جبەخانەکانمان پڕ بکەینەوە و لە هەمان کاتیش پاڵپشتی ئۆکرانیا بکەین، ئێستا هەموومان دەزانین هێرشکردنه‌سەر هێڵێ نۆرد ستریم و کارێکی تێکدەرانە بووە، بەڵام نەمانتوانیوە ئەنجامدەری هێرشەکە دەستنیشان بکەین، لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە بەردەوامه‌ و باشتروایە بەرلەوەی لایەنێک تۆمەتباربکەین، چاوەڕوان بین تاوەکو لێکۆڵینەوەکان کۆتایی دێن".

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.