بۆرێل: چەند هەفتەی داهاتوو بۆ قەیرانی ئۆکرانیا یەکلاکەرەوەیە

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا

K24 - هه‌ولێر:

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا رایده‌گه‌یه‌نێت، چەند هەفتەی داهاتوو بۆ قەیرانی ئۆکرانیا یەکلاکەرەوەیە، بەتایبەتی بۆ یەکلابوونەوەی چارەنووسی شاری باخموت.

جۆزێپ بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا رایگه‌یاند، ئۆکرانیا پێویستی بە چەک و فیشەکە، لەوەش گرنگتر دەبێ هاوکارییەکان زۆر بەخێرایی بگەنە دەست هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا هه‌روه‌ها گوتی: "چەند هەفتەی داهاتوو زۆر هەستیار و یەکلاکەرەوەیە بۆ باخموت، چونکە دۆخی سەربازی لەسەر زەوی لەو ناوچەیە زۆر سەختە و شەڕێکی سەخت لەو ناوچەیەدا دەکرێت".

ده‌شڵێت: "هێزە سەربازییەکانی ئۆکرانیا پێویستیان بە هاوکاری بەپەلەی ئه‌وروپایه‌، هاوکارییەکان چەک و تەقەمەنین، سەرۆکی ئۆکرانیا ئەم پەیامەی بە ئێمە گەیاندووە و زۆرترین گفتوگۆی لەسەر کراوە. واتە دەبێ هاوکارییە سەربازییەکان زیاتر بکرێن و بەخێرایش بگەنە دەستی سوپای ئۆکرانیا".

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.