رووسیا مه‌رجی هه‌یه‌ بۆ نوێكردنه‌وه‌ی رێککەوتننامەی هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا

"رێککەوتننامەکە لە 18ـی ئەم مانگە کۆتایی پێدێت"
ده‌ریای ره‌ش
ده‌ریای ره‌ش

K24 – هه‌ولێر:

رێککەوتننامەی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا دووبارە بووەتە یەکێک لە پرسە هەرە گرنگەکانی ئەورووپا و جیهان به‌هۆی ئه‌وه‌ی رێککەوتننامەکە لە 18ـی ئەم مانگە کۆتایی پێدێت و هەوڵێکی جددی بۆ دووبارە درێژکردنەوەی لەئارادایە.

لەبەرامبەر سەرجەم هەوڵەکانی درێژکردنەوە، رووسیا هەناردەکردنی پەینی کیمیایی رووسی بۆ ئەورووپا لەبەرامبەر دریژکردنەوەی رێککەوتننامەکە وەکو پێشمەرج رایگەیاندووە و لە بەرامبەر وەڵامدرانەوەی مەرجەکەیدا ئامادەیە رێککەوتننامەکە درێژبکرێتەوە.

سەرچاوە دیبلۆماسییەکانی تورکیا رۆژی چوارشەممە بە ئاژانسی فەرمی ئەو وڵاتەیان راگەیاندووە کە هەوڵێکی جدیی لە ئارادایە بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتننامەی هەناردەکردنی دانەویڵە و لەوبارەیەوە مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی ئەو پرسەی کردووە.

هه‌روه‌ها ئەنتۆنیۆ  گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سەردانەکەی بۆ کیێڤ کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی سازکرد و رایگەیاند، پێویستە هەڵومەرجی گونجاو دروستبکرێت بۆ بەردەوامبوونی رێککەوتننامەکە

سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان گوتی، "دەمەوێت ئاماژە بە گرنگی بەردەوامبوونی رێککەوتننامەی رەوانەکردنی دانەوێڵە لە دەریای رەش بکەم کە ماوەی رێککەوتنەکە لە 18ـی مانگی ئادار کۆتایی پێدێت. گرنگە کاربکرێت بۆ دروستکردنی هەلومەرجێک کە رێگە بە هەناردەی دانەوڵە بدرێت لە دەریای رەشەوە بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی و ئامانجەکانی دەستپێشخەرییەکە".

لەلایەکی دیکەوە نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پشتگیری درێژکردنەوەی رێککەوتننامەکە دەکەن، چونکە بووەتە هۆی پارێزگاری نرخەکان لە بازاڕەکانی جیهان.

گوتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگه‌یاند، "ئەمه‌ریکا پشتیوانی هەوڵەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و تورکیا دەکات بۆ رازیكردنی رووسیا و ئۆکرانیا سەبارەت بە ناردنی بەرهەمەکانیان بۆ بازاڕە جیهانییەکان. نەتەوەیەکگرتووەکان هەوڵدەدات بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتنی دانەوێڵە بدات پێش 18ـی ئادار. لەمانگی 8ـی رابردووەوە تا ئێستا زیاتر لە 23 ملیۆن تۆن دانەوێڵە بەهۆی رێککەوتنی دانەوێڵەوە هەناردەی جیهان کراوە، بەڕاستی رێککەوتنی دانەوێڵە لەدەریای رەش بەسەرکەوتوویی پارێزگاری لە نرخەکان کرد".

سەرەڕای هەموو هەوڵەکان، رووسیا هەناردەکردنی پەینی کیمیایی رووسی بۆ ئەوروپا لە بەرامبەر درێژکردنەوەی رێککەوتننامەکە وەک پێشمەرج رایگەیاندووە و لە بەرامبەر وەڵامدانەوەی مەرجەکەیدا ئامادەیە رێککەوتننامەکە درێژبکرێتەوە کە پێشتر ڤۆلۆدیمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا داوایکردبوو، بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە درێژ بکرێتەوە.