دوو پارچە شوێنەواری مێژوویی لە ئەمریكا رادەستی عێراق کرانەوە

kurdistan24.net

K24 - واشنتن

دوو پارچە شوێنەواری مێژوویی کە بەشێکن لە کەلەپووری عێراق، مێژووەکەیان بۆ سەدان ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە لە ئەمەریکا رادەستی باڵیۆزخانەی عێراق کرانەوە.

پارچە شوێنەوارێکیان پەیکەری ئەبو هۆلە، کە لە عاج دروستکراوە، پارچەکەی دیکە تابلۆیەکە بە رێنووسی بزماری باس لە شارستانییەتی عێراق دەکات. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 17 هەزار پارچە شوێنەوار کە لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق و داگیرکاری داعش بە تاڵان و با قاچاخ بردران بە هاوئاهەنگی حکومەتی عێراق و ئەمەریکا گەڕێندراونەتەوە.

یەکێک لە پارچە شوێنەوارەکان کە 20  ساڵە لە عێراق بە تاڵانی براوە، پێی دەڵێن ئەبو هۆل یان سفینکس، دروستکراوی سەدەی حەفتی پێش زایینە واتە سەردەمی چاخی ئاسنین پارچەکەی دیکەش کە تابلۆیە بەشێکە لە سامانی کەلەپووری عێراق مێژووەکەی بۆ نزیکەی 1300 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە و باس لە شارستانییەتی عێراق دەکات.

ئەبو هۆل دروستکراوی سەردەمی نەمروودە، ئەمە تەنیا پارچەیەکیەتی، بەشەکانی دیکەی لە مۆزەخانەی نیشتمانیی بەغدان.

د. کاتارین هانسن، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە دەستپێشخەری پاراستنی کەلەپووری سمیستۆنیان بە کوردستان24ی گوت: "ئەوەیان بریتییە لە وێنەیەکی ئەبو هۆل کە هێرشدەکاتە سەر گەنجێک. هەم عاجە و هەم فینیقییە، چونکە پاشاکانی سووریای نوێ و نەمروود هەوڵیانداوە سەروەتی خۆیان نمایش بکەن و باس لەوە بکەن کە چەند خۆشخگوزەران و بەهێزبوون."

درێژیی پەیکەری ئەبو هۆل نزیکەی حەفت سانتیممەتر و پانییەکەی کەمتر لە چوار سانتیممەترە، لە عاج دروستکراوە و بە زێڕ و بۆیە رەنگکراوە. ماوەی 17 ساڵ بوو لە مۆزەخانەی زانکۆی ئیمۆری لە ویلایەتی ئەتڵانتا هەڵگیرابوو.

د. سەلوان سنجاری، رێکخەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن دەڵێت: "کاری بەدواگەڕان و دۆزینەوەی پارچە شوێنەوارەکان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی ئەمەریکا و (ئێف بی ئای) بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجام دەدرێت، سزای ئەو کەسانەش دەدرێت کە بە نایاسایی مامەڵەیان پێوە دەکەن".

لەوبارەوە جەیک ئارچەر، کارمەندی (ئێف بی ئای) لە تمی تاوانی هونەری ئاماژەی بەوەدا: "بە دڵنیاییەوە لێکۆڵینەوە لە کەلوپەلی کەلەپووری کە بەشێوەیەکی نایاسایی لە ئەمەریکا بازرگانییان پێوەکرێت  کارێکی ئاڵۆزە، هەر لەبەر ئەمەش کە ئێمە شێوازێکی هاوئاهەنگیمان هەیە لەگەڵ ئاژانسەکانی حکومەتی ئەمەریکا، بەتایبەت لەگەڵ ئێف بی ئای و ئاژانسەکانی بوارەکە و تیمی تاوانی هونەر."

لە سەرانسەری عێراق زیاتر لە 10 هەزار ناوچەی شوێنەواری هەن. لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی 2003 و دواتریش  داگیرکاری داعش دەرگای مۆزەخانە و ناوچە شوێنەوارییەکان بۆ تاڵانی کرانەوە و هەزاران پارچە شوێنەوار دیارنەمان، کە زۆرێکیان بە قاچاخ برانە دەرەوەی وڵات.