جوتیار عادل: هەولێر و بەغدا رێککەوتوون لەسەر بەردەوامی کاری بەیەکەوەیی

جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەرەوپێشچوون و لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە و رایگەیاند، مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی لە کەشێکی ئەرێنی رێککەوتوون لەسەر بەردەوامی کاری بەیەکەوەیی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و کارنامەی پەسەندکراوی کابینەکەی سوودانی.

جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر (8:00)ـی کوردستان24 کە کۆڤان عیزەت پێشکەشیکرد، رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کەشێکی ئەرێنیدا باس لە کۆمەڵێک دۆسیە کرا و هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوام بوونی کاری بەیەکەوەیی کردەوە.

هەروەها جوتیار عادل روونیکردەوە، لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراقدا بەدرەوام بوونی گفتوگۆکان لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور و کارنامەی پەسەندکراوی حکومەتی عێراق دووپاتکرایەوە.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لەو دەرفەت و پرۆژانە کرا کە پێکەوە پلانی بۆ دابنێن بۆ جێبەجێکردنیان کە لە کۆتاییدا بۆ خزمەتی هەموو خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانە.

سەبارەت بە جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی سوودانی، جوتیار عادل رایگەیاند، هەنگاوی باش نراوە بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی کارنامەکە بەڵام هێشتا بەشێکی ئەو کارنامەیە ماوە جێبەجێ بکرێت، زیاتر گوتی، "تا کاری بەیەکەوەیی هەبێت، کێشەکان بەردەوام نابن".

لەبارەی ئەو شاندەی ئێستا لە بەغدایە، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، ئەو شاندە تەکنیکییەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا لە بەغدایە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی عێراق گفتوگۆ لەبارەی یاسای نەوت و غاز دەکەن، ئاشکراشیکرد، گفتوگۆکان لە کەشێکی ئەرێنی و لێکتێگەیشتنی باش هەیە و هیوادارین ئەو کاکردنە بەیەکەوەییە بەردەوام بێت، "نەک تەنیا بۆ چارەسەکردنی کێشەکان، بەڵکو بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی هاوبەش لەنێوان هەردوو حکومەت".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵی رێککەوتن کراوە، لە پرسەکانی تایبەت بە دۆسیەی ئەمنی، بەڕێوەبردنی قەیرانەکان بە ئامانجی تەشەنەکردن و چارەسەرکردنیان لە داهاتوودا، هەروەها دەستوور و کارنامەی کابینەی سوودانی بکرێتە بنەمای چارەسەری هەموو ناکۆکییەکان.

ئەوەی لە پرۆژەیاسای بودجە رێكکەوتنی لەسەر کراوە بەشێکە لە چارەسەکردنی کێشەی دۆسیەی نەوت و غاز و جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، هەرێمی کوردستان پابەندە بە دەستوور و دەبێت حکومەتی عێراقیش پابەندی دەستوور بێت بۆ پاراستنی مافی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و غاز.

سەبارەت بە مووچەی پێشمەرگە، جوتیار عادل رایگەیاند، مووچەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجی سیادی دەبێت.