مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی سه‌ر یاریزانانی تۆپی پێ ئاشكرا ده‌بێت

گرته‌یه‌ك له‌ كلاسیكۆی ئیسپانیا
گرته‌یه‌ك له‌ كلاسیكۆی ئیسپانیا

راپۆرتێكی پزیشكی ده‌ریده‌خات یاریزانانی تۆپی پێ زیاتر له‌ خه‌ڵكی ئاسایی و ته‌نانه‌ت وه‌رزشوانانی وه‌رزشه‌كانی دیكه‌ تووشی نه‌خۆشی بیرچوونه‌وه‌ ده‌بن.

به‌ گوێره‌ی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ی كه‌ له‌ وڵاتی سوید ئه‌نجامدراوه‌، ئه‌و داتایانه‌ی له‌ سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ره‌وه‌ به‌رده‌ستن، په‌یوه‌ندییه‌كی چڕ هه‌یه‌ له‌ نێوان یاریكردنی تۆپی پێ و نه‌خۆشی بیرچوونه‌وه‌.

په‌یوه‌ندی نێوان یاریكردنی تۆپی پێ و نه‌خۆشی بیرچوونه‌وه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2020 دوای مردنی نۆبی ستایلز یاریزانی پێشووی ئینگلیزی خرایه‌ به‌رچاو. ئه‌م یاریزانه‌ به‌ناوبانگه‌ی تۆپی پێ كه‌ له‌ ساڵی 1966 له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلته‌را جامی جیهانی برده‌وه‌، تووشی نه‌خۆشی بیرچوونه‌وه‌ بوو.

هه‌روه‌ها نه‌خۆشی بیرچوونه‌وه‌ له‌ نێو ئه‌و وه‌رزشوانانه‌دا باو بووه‌ كه‌ هه‌ندێك وه‌رزشی دیكه‌یان ئه‌نجام داوه‌، له‌وانه‌ ڕاگبی، تۆپی پێی ئه‌مریكی و هۆكی سه‌ر سه‌هۆڵ. به‌ گوێره‌ی زاناكان، لێدانی سه‌ر له‌ كاتی تۆپی و وه‌رزشه‌كانی دیكه‌، ئه‌گه‌ری تووشبوون به‌ نه‌خۆشی بیرچوونه‌وه‌ زیاد ده‌كات.

له‌ درێژه‌ی ئه‌م راپۆرته‌ی گۆڤاری لانست هاتووه‌، پزیشكان تۆماری پشكنینی پزیشكی زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زار یاریزانی خولی پله‌یه‌كی تۆپی پێی سویدیان سه‌یر كردووه‌ كه‌ له‌ نێوان ساڵانی 1924 بۆ 2019 یارییان كردووه‌، دواتر رێژه‌ی نه‌خۆشی بیرچوونه‌وه‌یان له‌ نێوان ئه‌م یاریزانانه‌ی تۆپی پێدا له‌گه‌ڵ گرووپێكی 56 هه‌زار كه‌سی ئاسایی به‌راورد كردووه‌.

به‌پێی توێژینه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه‌ یزیشكییه‌ یاریزانانی تۆپی پێ یه‌ك و نیو ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ڵكی ئاسایی مه‌ترسی تووشبوون به‌ نه‌خۆشی بیرچوونه‌وه‌یان به‌ به‌راوردی كه‌سانی ئاسایی هه‌یه‌، به‌ڵام گۆڵپارێزه‌كان سه‌باره‌ت به‌وه‌ی تۆپیان كه‌متر به‌ر سه‌ر ده‌كه‌وێت، ئه‌وان كه‌متر مه‌ترسی بیرچوونه‌وه‌یان له‌سه‌ره‌.

پێشتر ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌یه‌ك له‌ ساڵی 2019دا ده‌ریخستبوو یاریزانانی تۆپی پێ سێ ئه‌وه‌نده‌ و نیو زیاتر تووشی تێكچوونی مێشك ده‌بن به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ كه‌سانی ئاسایی.

 

ئاماده‌كردنی: محه‌مه‌د شه‌هدی