فوئاد حوسێن: یەکێتی ئەوروپا هەمیشە یارمەتیدەری عێراقییەکان بووە

فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق
فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق

K24 – هەولێر

وەزیری دەرەوەی عێراق لە برۆکسلەوە رایدەگەیەنێت، یەکێتی ئەوروپا هەمیشە یارمەتیدەری عێراقییەکان بووە و سوپاسگوزاری یەکێتی ئەوروپاین.

فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسێکی هاوبەش لەگەڵ جۆزێپ بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، لە برۆکسلەوە رایگەیاند، وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا بۆ تێکشکاندنی داعش یارمەتیی عێراقیان داوە، هەموو ئەو شوێنانەش نۆژەن دەکەینەوە، کە بەهۆی جەنگی داعشەوە زیانییان پێگەیشتووە.

وەزیری دەرەوەی عێراق هەروەها گوتی: "لێرەین بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی عێراق و یەکێتی ئەوروپا بکەین، پەیوەندییەکانمان چوارچێوەی رێککەوتنی هەماهەنگی و هاوکاریکردنەوە زۆر باشن، رێککەوتنمان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا زۆر بوار لەخۆدەگرێت، تەنیا دەربارەی بازرگانی و کێشەی کۆچبەران نییە، بەڵکو پەیوەندییە ئابوورییەکان و چەندین بابەتی دیکە لەخۆدەگرێت وەک، بواری غاز و نەوت".

لە لایەن خۆیەوە جۆزێپ بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، دوو وڵات کە پەیوەندییەکانییان بە قۆناغی سەخت تێپەڕیووە و لە ئێستادا بڕیاری ئەوە دەدەن کە پەیوەندییەکانییان ئاسایی ببێتەوە و باڵیۆزەکانییان بنێرنەوە وڵاتەکانییان، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە و هاوکار دەبێت بۆ سەقامگیری ناوچەکە و کەمکردنەوەی گرژییەکان، ئێمەش ئەو هەوڵە دەدەین کە پەیوەندی سعوودییە و ئێران باش بێت.

لەبارەی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ عێراق، بۆرێل رایگەیاند، پەیوەندییەکان لەزۆربەی ئاستدا لەگەڵ عێراق زۆر بەهێزن.