کۆپتەرەکە بەشێک نەبووە لە پڕۆسەیەک دژی تیرۆر

Kurd24

لە 15/3/2023 کاتژمێر 8:45 لە سنووری شاری دهۆک لە دووری 65  کیلۆمەتر لە سنووری تورکیا هێلیکۆپتەرێک لە جۆری AS 350 تێکشکا و سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا.

لە حاڵەتی وادا تورکیا، ئێران و عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پەیوەندیدارن بەخاوەندارییەتی فڕیوێکی لەم چەشنە، بەو پێیەی پەکەکە لەگەڵ هەموویان هەماهەنگی هەیە، سووریا و ئێران لە مەتەڵەکە دەرچوون، چونکە هێلیکۆپتەرەکان لەو جۆرانەن کە تورکیا و ئەمەریکا و بەگشتی ناتۆ بەکاریان دێنن. تورکیا رەتیکردەوە خاوەندارییەتییەکەی بۆ هێزی سەربازی یان هەریەکەیەکی ئەوان بگەڕێتەوە، تەنانەت بەهۆی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی تورکیا، دەسەڵات نایەوێت پرسەکە زۆر بوروژێنێت. لە هەمانکاتیشدا هێلیکۆپتەرەکان سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نەبوو.

کاپتن کێڤن لیڤنگستۆن، گوتەبێژی هاوپەیمانی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا بە ماڵپەڕێکی تورکی راگەیاندووە کە هێلیکۆپتەرەکە سەر بە هێزەکانی هاوپەیمانان نییە و بەشێک نییە لە  ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە داعش. ئەمەش لێدوانەکەی مەزڵوم عەبدی، پێچەوانە کردەوە کە فڕینەکەی بە بەشێک لە پڕۆسەیەک دەزانی لە دهۆک دژی داعش.

لێدوانی گوتەبێژی هاوپەیمانان لە وەڵامی ئەوەی پرسیاری لێکرا کە ئەو هێلیکۆپتەرەی کە باسی لێوە دەکرێت لەکوێوە رۆیشتووە، کە دەڵێت هیچ پەیوەندییان بەو فڕینەوە نییە، پشت راستی دەکاتەوە کە هاوپەیمانان هەموو فڕینێکی دژ بە داعش بە ئاگاداری ئەوان دەبێت. بۆیە بەشدارینەکردن و ئاگادارنەبوون لەم ئۆپراسیۆنە، گومان لەسەر ئەو فڕینە زیاتر دەکات.

فڕینی هێلیکۆپتەر بە دووشێوە ئەنجام دەدرێت، فڕینی پلاننەکراوی بینراو، ئەمە فڕینێکی ماوەکورتی نێوان دوو پۆزشنە کە بە چاو دەبیندرێت یان هیچ چەشنە نادیارییەکی تێدانییە بەمەرجێک فڕۆکەکان خاوەندارییەتیان بۆ دەسەڵاتی نیشتمانی بگەڕێتەوە، دەتووانن بفڕن. شێوازی دووەم فڕینی نادیار یان پلانکراوە، کە هێلیکۆپتەریش وەک سەرجەم جێیت، کارگۆ یان نەفەربەرەکان، دەبێت لەلایەن دەستە، دەزگا، یان دەسەڵاتی فڕۆکەوانییەوە رێگەی پێبدرێت، بۆیە حکومەتی عێراق لەبەردەم بەرپرسیارییەتی وەڵامدانەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دایە، چونکە شێوەی فڕینەکە (نادیاری پلان کراوە) و ئەم شێوە فڕینەش رێگە پێدانی دەوێت، هەروەها هاوپەیمانان بەرپرسن لە روونکردنەوەی دۆخەکە بەهۆی ئەوەی ئەوان کۆپتەرەکەیان لە سلێمانی بەخشیوە.

هەرێمی کوردستان و ژینگە سیاسییەکەی لە دۆخێکی ئەمنی ئاڵۆزدایە، لەچەندین لاوە بەهێزی ناکۆک دەوردراوە و بەریەککەوتنی لایەنەکان توندە، لەبەرئەوە گرنگە بزاندرێت لە پشتی ئەم فڕینەوە چی هەیە، گەشتی فڕۆکەکە، لە کاتێکی نەبیندراو بووە و پێویستی بە دەزگای تایبەتی و رێگە پێدان هەیە، پرسەکە ئەوەیە لەکاتی نەبینراودا بە سیستەمی بینراو فڕیوە، هەر ئەمەش بوو بەهۆی تێکشکانی و زیانی گەورەی گیانی.