سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ دۆسیه‌ی ئاو سه‌ردانی توركیا ده‌كات

محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق
محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق

K24 - هەولێر

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، سبەی سێشه‌ممه‌ سه‌ردانی توركیا ده‌كات بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ئاو و دروستكردنی به‌نداوه‌كانی توركیا له‌سه‌ر رووباری دیجله‌ و فورات، هه‌روه‌ها هه‌بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ عێراق.

راوێژكارێكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی ئاشكرا بكات به‌ ئاژانسی فرانس پرێسی رایگه‌یاندووە، سبەی سێشەممە 21ی ئاداری 2023 محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق،  سه‌ردانی توركیا ده‌كات، به‌فه‌رمی له‌لایه‌ن ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا پێشوازی لێده‌كرێت.

ئاماژه‌ی وه‌شكردووه‌، گرنگترین ئه‌و دۆسیانه‌ی كه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت، دۆسیه‌ی ئاو و پرسی پارتی كرێكارانه‌.

له‌ ئێستادا عێراق به ‌ده‌ست كه‌می ئاوی رووباره‌كانی دیجله‌ و فوراته‌وه‌  ده‌ناڵێنێت، به‌غداش، توركیا و ئێران تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی به‌نداویان له‌سه‌ر رووباره‌كان دروستكردووه، هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی دابه‌زینی ئاستی ئاوی رووباره‌كان، به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار.‌

محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق دوای وه‌رگرتنی پۆسته‌كه‌ی له‌ ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2022 وه‌، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاره‌ سه‌ردانی توركیا ده‌كات.