وەزارەتی تەندروستی بۆ ئامادەکاری لە رۆژانی نەورۆز بەڕێوەبەرایەتییەکان رادەسپێرێت

K24 – هەولێر

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی لە رۆژانی پشووی جەژنی (نەورۆز)ی پیرۆز لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بە مەبەستی ئامادەکاری و بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و پزیشکی، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکانی تەندروستی رادەسپێرێت بۆ ئامادەکاری و پابەندبوون و جێبەجێکردنی رێکارەکان:

1. دانانی لێژنەی بەدواداچوون لەسەرجەم بەرێوەبەرایەتی گشتی و نەخۆشخانەکان.

2. بۆ هەرکارێکی پێویست و لەناکاو پێویستە هێلی گەرمی پەیوەندی هەبێت.

3. لە کاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی کراوە دەبن لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان.

4. پابەندبوونی پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی بە دەوامی ئێشکگری.

5. هاتنەژوورەوەی ڕاگەیاندن تەنها لە ڕێگای ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیەکان دەبێت.

6. ئاماری ڕۆژانە دەبێت لە ماوەی (٢٤) کاتژمێر لە ڕێگای پەیوەندی مۆبایلەوە لە (٨) ی بەیانی تاکوو (٨) بەیانی رۆژی دوایی رەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان.

7. ڕۆژانە فۆرمی تایبەت بە ئامارەکان ڕەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان.

8. ئامادەباشی بۆ ئەمبولانس و دابینکردنی گاز و بەنزین بکرێت.

9. بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەکانی خاوێنکردنەوە و دابینکردنی خۆراك بکرێت.

10. هێلەکانی مۆبایلی بەرپرس و (مستلم)ی بەشەکان کراوە بێت وەڵام بدرێتەوە.

11. نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆرینگە دەرەکیەکان کراوەبن و هەموو سەردان و زانیاریەکان تایبەت بە نەخۆش تۆمار بکەن.

12. سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەری کیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبێت.

13. سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبێت.

14. تیمەکانی فریاگوزاری و هێڵی (١٢٢) بەردەوام دەبن لە ئەرك و کارەکانیان بە شێوەی (٢٤) کاتژمێری وە هۆبەی پزیشکی فریاکەوتن خشتەی دابینکردنی تیمەکانی دادەنێت بۆ شوێنەکانی پێویست و گەشتیاری.

15. تیمەکانی (پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشیە گوازراوەکان و چاودێری تەندروستی) بەردەوام دەبن لە بەدواداچونەکانیان بەشێوەی ئێشکگری.

16. پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان بەردەوام دەبێت.

17. تیمی تەندروستی لە شوێنە گەشتیاریەکان دابنریت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ باری لەناکاو.