جۆسێپ بۆرێل: بڕیاری دەستگیرکردنی ڤلادیمێر پوتن یارییەکە دەگۆڕێت

سه‌رۆكی كۆمیسیارانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا، جۆسێب بۆرێل
سه‌رۆكی كۆمیسیارانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا، جۆسێب بۆرێل

K24 - هەولێر:

جۆسێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، ئەگەر ڤلادیمێر پوتن گەشت بۆ هەریەکێک لەو 130 وڵاتەی ئەندامن لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکات، ئەوا راستەوخۆ دەستگیر دەکرێت.

راشیگەیاند، بڕیارەکەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە دەستگیرکردنی ڤلادیمێر پوتن لەداهاتووشدا وەک خۆی دەمێنێتەوە.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوەدا، بڕیارەکەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ دەستگیرکردنی ڤلادیمێر پوتن یارییەکە دەگۆڕێت، گوتیشی: من دەزانم بەرپرسانی رووسیا باس لەوەدەکەن کە وڵاتەکەیان ئەندام نییە لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بەڵام لەداهاتوودا کاریگەری دەبێت لەسەریان.

جۆسێپ بۆرێل راشیگەیاند، ئەگەر پوتن بۆ هەریەکێک لەو 130 وڵاتەی ئەندامن لە داگای تاوانی نێودەوڵەتی گەشت بکات، راستەوخۆ دەستگیر دەکرێت.

رۆژی (17ـی ئادار/مارسی 2023)، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ئۆکرانیا و گواستنەوەی ناچاری منداڵان لە ناوچە "داگیرکراوەکانی" ئۆکرانیاوە بۆ رووسیا، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ئەو وڵاتە دەرکرد.

لەلای خۆیەوە، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لەبارەی فەرمانی دەستگیرکردنەکە رایگەیاند، بڕیارەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ ئەوان "هیچ گرنگییەکی نییە" و دەڵێت، بڕیارەکانی دادگاکە لەڕووی یاساییەوە، "پووچەڵن".