وەزیری دەرەوەی تورکیا پیرۆزبایی نەورۆز لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

مەسرور بارزانی و مەولود چاوشئۆغڵو
مەسرور بارزانی و مەولود چاوشئۆغڵو

K24 – هەولێر:

وەزیری دەرەوەی تورکیا پیرۆزبایی نامەیەک ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و سوپاسی دەکات لەبارەی گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات.

مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەروەی تورکیا لە نامەیەکدا کە ئاراستەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، نووسیویەتی، "لەگەڵ ژیانەوەی سرووشت، لەناخی هەستەکانمەوە پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزت لێدەکەم کە هۆکارێکە بۆ سەوزکردنی هیواکانمان و پتەوکردنی برایەتی نێوانمان".

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە، نەورۆز بە درێژایی مێژوو رەنگدانەوەی مرۆڤەکان بووە بۆ تێگەیشتن لە ژیان لەگەڵ سووشتدا، لەگەڵ ئەوەی سمبوڵی دووبارە نوێبوونەوە و ژیانەوەیە، لە هەمانکاتیشدا، سمبوڵی هاودەنگی و خۆشبەختییە.

هەروەها مەولود چاوشئۆغڵودا هاتووە، "ئێمە لە کاتێکدا سەرقاڵی سارێژکردنی بریندارەکانی کارەساتی بوومەلەرزەین کە چەقەکەی شاری کاهرەمان مەڕاش بوو لە 6ـی شوباتی 2023، بۆیە لە وڵاتەکەمان بە خەمناکییەوە پێشوازی لە جەژنی نەورۆز دەکەین".

لە بەشێکی دیکەی نامەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیادا باس لە هاوکارییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە و نووسیویەتی، "ئەو رۆژەی وەک موژدەبەخشی بەهار پیرۆز دەکرێت، لە هەمانکاتیشدا، ساتی پتەوکردنی هەستی یەکبوون و بەیەکەوەیی و هاوسۆزییە. جگە لەوەی دەمەوێت سوپاستان بکەم کە دوابەدوای کارەساتی بوومەلەرزە ئازاربەخشەکەی وڵاتەکەمان لەنزیکەوە هەموو هێمای ئەو هەستە بەرزانەی نەورۆزتان بۆ ئێمە دەربڕی".

لە کۆتایی نامەکەشدا، چاوشئۆغڵو بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی، "بەم بۆنەیەوە هیوای ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ وڵاتەکەمان و گشت جیهان دەخوازم و هیوای تەندروستی باش و خۆشبەختی و سەلامەتی بۆ کەسایەتی بەڕێزتان و خەڵکی هەرێمی دۆستمان دەخوازم".