لە رۆژئاوای کوردستان چوار هاووڵاتی بەهۆی کردنەوەی ئاگری نەورۆز کوژران

K24 - هەولێر:

لە شارۆچکەی جندرێسی رۆژئاوای کوردستان هێرشێکی چەکداری کرایە سەر ژمارەیەک هاووڵاتی کە ئاگری نەورۆزیان کردبووەوە و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتی کورد کوژران.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 20ـی ئاداری 2023، سەرچاوەیەک بە کوردستان24ـی راگەیاند،  لە شارۆچکەی جندرێسی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن گرووپی 'ئەحرار شەرقییەوە' هێرشێکی چەکداری کرایە سەر ژمارەیەک هاووڵاتی کە ئاگری نەورۆزیان کردبووەوە و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتی کورد کوژران.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، چەند هاووڵاتییەکی دیکەی کورد لەو هێرشە چەکدارییەدا بریندارکراون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون. 

لەلای خۆیەوە رێکخستنی عەفرین بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، کوژراوەکان هەموویان ئەندامی یەک خێزانن و یەکێک لەوانەی بریندارکراوە خاوەن پێداویستی تایبەتە.