کڵچدارئۆغڵو سەردانی هەدەپەی کرد و هەڵوێستی خۆی لەسەر پرسی کورد لە تورکیا ئاشکراکرد

K24 - هەولێر:

کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت بۆ سەرۆکایەتی تورکیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی هەدەپە رایگەیاند، هەوڵی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا دەدەن و دژی دانانی قەیومەکانن لە شوێنی سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان و قەدەغەکردنی زمانی کوردین.

ئەمڕۆ دووشەممە (20ـی ئادار/مارسی 2023)، کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت لەگەڵ هاوسەرۆکانی هەدەپە کۆبووەوە پرسی هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاریان تاوتوێکرد.

کڵچدارئۆغڵو سەردانی هەدەپەی کرد

سەردانە دواخراوەکەی سەرۆکی جەهەپە و کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت کە بە هاوپەیمانی شەش لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکەی تورکیاش ناسراوە، بۆ لای هەدەپە و کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی هەدەپە لەکۆتاییدا روویدا.

کەمال کڵچدارئۆغڵو سەردانی شوێنی هەدەپەی کرد لە پەرلەمانی تورکیا و لەگەڵ هەریەکە لە پەروین بوڵدان و متحەت سەنجار کۆبووەوە.

کڵچدارئۆغڵو: کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەردەکەم

دوای کۆبوونەوەکە، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت بۆ سەرۆکایەتی تورکیا لەگەڵ هاوسەرۆکانی هەدەپە رایگەیاند، ئەو کاندیدە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پرسی کورد لە تورکیا.

کەمال کڵچدارئۆغڵو، رەخنەی توندی لە دەسەڵاتی ئاکپارتی گرت بە لادانی سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان و دانانی قەیووم لە شوێنیان و رایگەیاند، دژی دانانی قەیومە، هەروەها دژایەتی خۆشی بۆ قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە تورکیا ئاشکراکرد.

 هەدەپە: پەرلەمان شوێنی چارەسەرکردنی کێشەکانە

سەبارەت بە پێشوازیکردن لە کەمال کڵچدارئۆغڵو لە پەرلەمانی تورکیا، هاوسەرۆکانی هەدەپە ئاماژەیان بەوەکرد، ئەوان پەرلەمان بە شوێنی چارەسەکردنی کێشەکان دەزانن، بۆیە بەباشیان زانیوە لەگەڵ کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت بۆ سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە پەرلەمان کۆببنەوە.

لەلایەن خۆیەوە، پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، ئامانج لە پێشوازیکردن لە سەرۆکی جەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا ئەوەیە کە ویستمان ئەو پەیامە بگەیەنین کە چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانە و هیوادارین ئەمە سەرەتای چارەسەری کێشەکان بێت.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەش، متحەت سەنجار، هاوسەرۆکی هەدەپە سەردانەکەی کڵچدارئۆغڵوی بە گرنگ وەسفکرد و ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا لە تورکیا قەیرانێکی گەورە هەیە، پێویستە سەرەتایەکی نوێ و بەرنامەیەکی نوێ لەسەر بنەمای پرەنسیپەکانی دیموکراسی، مافی مرۆڤ، دادپەروەری و ئازادی دابندرێت.

هەڵوێستی هەدەپە لەسەر کاندیدکردنی کڵچدارئۆغڵو

هاوسەرۆکانی هەدەپە لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییە هاوبەشەکەیان لەگەڵ کەمال کڵچدارئۆغڵو هەڵوێستی کۆتایی خۆیان ئاشکرانەکرد و رایانگەیاند، لەگەڵ ئۆرگانەکانی پارتەکەیان و لایەنە هاوبەشەکانیان لە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی، گفتوگۆ دەکەن و لە چەند رۆژی داهاتوودا هەڵوێستی خۆیان بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەن.

بەگوێرەی هەواڵی میدیا تورکییەکان، هاوپەیمانێتی رەنج و ئازادی کە لەلایەن پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپەوە سەرکردایەتی دەکرێت، هیچ کێشەیەکیان لە کاندیدبوونی کڵچدارئۆغڵو نییە بەڵام بەشێوەیەکی راستەوخۆ پشتگیری خۆیان بۆی ئاشکراناکەن و هیچ کاندیدێکیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا نابێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئاماژە بەوەکراوە، لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، هەدەپە و هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بەشێوەیەکی راستەوخۆ داوا لە دەنگدەرانیان ناکەن بۆ دەنگدان بە کڵچدارئۆغڵو، بەڵکو لە پەیامەکانیاندا، جەخت لەسەر گۆڕینی دەسەڵات و گرنگی دابەشنەبوونی دەنگی دەنگدەرانی بەرەی دژ بە دەسەڵات دەکەنەوە.

ئاکشەنەر: کۆبوونەوەی کڵچدارئۆغڵو لەگەڵ هەدەپە ئاساییە

سەرۆکی ئیی پارتی کۆبوونەوەی کڵچدارئۆغڵو لەگەڵ هاوسەرۆکانی هەدەپە بە هەنگاوێکی ئاسایی وەسفکرد.

مەرال ئاکشەنەر پێش ئەو کۆبوونەوە رایگەیاند، کۆبوونەوەی کەمال کڵچدارئۆغڵو وەکو کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار لەگەڵ هەدەپە هەنگاوێکی ئاساییە.

ئاکشەنەر ئاماژەی بەوەشکرد، کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیایە بۆ هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایار بۆیە ئاساییە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە کۆببێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر ئاکشەنەر بە هەموو شێوەیەک رەتیدەکردەوە هیچ داواکارییەکی هەدەپە لە هاوپەیمانی میللـەت قبوڵ بکرێت و لە سەرەتاشەوە دژی ئەوەبوو هەدەپە ببێتە یەکێك لە لایەنەکانی ناو ئەو هاوپەیمانییەتە و کورسییەک بۆ مێزی شەشقۆڵی زیادبکەن.

14ـی ئایار هەڵبژاردنە لە تورکیا

رۆژی هه‌ینی (10ـی ئادار/مارسی 2023)، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌ كۆشكی كۆماری له‌ ئه‌نقه‌ره‌، واژووی له‌سه‌ر مه‌رسومی كۆماری بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی (14ـی ئایار/مایۆی 2023) كرد.

له‌ رێوره‌سمێكدا كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیر و به‌رپرسی ئه‌و وڵاته‌ ئاماده‌ی بوون، ئه‌ردۆغان له‌ گوته‌یه‌كدا هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن خواست و داوای له‌ هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌ی كرد ئه‌و رۆژه‌ بچنه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگ بده‌ن.

پێشتریش له‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ (22ـی كانوونی یه‌كه‌م/یه‌نایری 2023)، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاند، 14ـی ئایار/مایۆی 2023، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی و په‌رله‌مانی له‌ توركیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

وابڕیار بوو رۆژی 18ـی حوزه‌یران/یۆنیۆی 2023، هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ توركیا ئه‌نجامبدرێن، سه‌باره‌ت به‌ گۆڕینی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش، ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد‌، ئه‌مه‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ نییه‌، به‌ڵكو ته‌نیا گۆڕینی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ و هۆكاره‌كه‌شی بۆ له‌به‌رچاوگرتنی واده‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندنی وڵاته‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه‌.