سوودانی: پیرۆزبایی لە گەلی کورد دەکەم

"چاومان لە عێراقێکە کە پێکەوە بنیات بنێین"

K24 – هەولێر

سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامێکی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لە گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان دەکات و رایگەیاند: چاوەڕوانی عێراقێک دەکەین کە پێکەوە بنیاتی بنێین.

ئەمڕۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: چاوەڕوانی عێراقێک دەکەین کە پێکەوە بنیاتی بنێین و هەموومان شانازی پێوە بكەین.

لە پەیامەکەی سوودانی هاتووە: "بە جوانترین و گەشاوەترین دەربڕینی هیوا، پیرۆزبایی دڵسۆزانەم ئاراستەی گەلی کوردمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق و سەرجەم گەلی عێراق و هەموو گەلانی ناوچەکە دەکەم کە ساڵانە ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕن".

 سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژە بەوەشکردووە: "لەكاتێكدا نەورۆز ئەمساڵ دەكەنەوە كە عێراق هەنگاوی گرنگ دەنێت، بەرەو بەردەوامبوونی ئاشتی کۆمەڵایەتی و گەشەی ئابووری و کارکردن و دەستپێکردنی بەرنامەی چاکسازیی گەورە".