بارەگای بارزانی: هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی تاوانە قێزەونەکەی جندرێس بە سزای عادیلانە بگەن

بارەگای بارزانی
بارەگای بارزانی

K24 – هەولێر:

بارەگای بارزانی لەبارەی تاوانەکەی جندرێسەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئەوانەی ئەم تاوانە قێزەونەیان ئەنجامداوە بە سزای عادیلانە بگەن.

ئەمڕۆ سێشەممە (21ـی ئادار/مارسی 2023)، بارەگای بارزانی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە قێزەونە دەکەین کە لەلایەن یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانەوە بە شەهیدکردنی چوار هاووڵاتیی خانەوادەیەکی کورد و بریندارکردنی سێ کەسی دیکە ئەنجام دراوە، کە مومارەسەی سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان لە ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی ڕۆژی نەتەوەیی خۆیان، نەورۆز،  لە ناحیەی جندرێسی (زیانلێکەوتوو بەهۆی بوومەلەرزەوە) دەکرد".

لە بەیاننامەکەی بارەگای بارزانیدا هاتووە. "لە خودای مەزن دەپاڕێینەوە کە رۆحی شەهیدان بخاتە ژێر رەحمەتی خۆی و، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین".

بارەگای بارزانی لە بەیاننامەکەیدا رایگەیاندووە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی ئەوانەی ئەو تاوانە قێزەونەیان ئەنجامداوە بە سزای عادیلانە بگەن.

دەقی بەیاننامەی بارەگای بارزانی سەبارەت بە تاوانی جندرێس

بەناوی خودای میهرەبان،

 بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە قێزەونە دەکەین کە لەلایەن یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانەوە بە شەهیدکردنی چوار هاووڵاتیی خانەوادەیەکی کورد و بریندارکردنی سێ کەسی دیکە ئەنجام دراوە، کە مومارەسەی سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان لە ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی ڕۆژی نەتەوەیی خۆیان، نەورۆز،  لە ناحیەی جندرێسی (زیانلێکەوتوو بەهۆی بوومەلەرزەوە) دەکرد. لە خودای مەزن دەپاڕێینەوە کە ڕۆحی شەهیدان بخاتە ژێر ڕەحمەتی خۆی و، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. راشیدەگەیەنین کە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئەوانەی ئەم تاوانە قێزەونەیان ئەنجامداوە بە سزای عادیلانە بگەن.

بارەگای بارزانی

21ی ئازاری 2023ی زایینی