ئەردۆغان ئاوی زیاتر بۆ عێراق بەردەداتەوە و سوودانیش ئاسانکاری پێدانی ڤیزا بە خاوەنکارانی تورکیا دەکات

K24 – هەولێر:

لە یەکەم سەردانی فەرمی بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە کردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (21ـی ئادار/مارسی 2023)، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرە و لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاوە پێشوازی لێکرا و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان ئاشکراکرد.

پرسی ئاو، تیرۆر و پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات گرنگترین ئەو خاڵانەبوو، کە سەرۆک کۆماری تورکیا لە قسەکانیدا ئاماژەی پێدا و رایگەیاند، داوامان لە عێراق کردووە، پەکەکە وەک رێکخراوی تیرۆریستی بناسێنێت و لەناو خاکەکەیدا دووریان بخاتەوە.

هەروەها ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا ئامادەیە لە پرسی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ عێراقدا بکات و جەختی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ لەنێوان هەردوولا کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەردۆغان رایگەیاند، ساڵی رابردوو قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیا و عێراق گەیشتە 24 ملیار دۆلار و دەیانەوێت ئەو رێژەیە زیاتر بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ سوودانی گفتوگۆیان لەبارەی هەڵگرتنی ئاستەنگەکانی بەردەم پەیوەندییە بازرگانییەکانیان کردووە.

لەبارەی پرسی ئاو، سەرۆک کۆماری تورکیا ئاشکرایکرد، رێکاری بەردانەوەی ئاوی زیاتر بۆ عێراق لە رووباری دیجلەوە بۆ ماوەی مانگێک دەستپێکردووە، ئەمەشی وەک هاوکارییەک بۆ دۆخی ناوچەکانی عێراق نیشاندا کە لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا بەهۆی کەمی رێژەی بارانبارین و وشکەساڵی زیانی زۆریان پێگەیشتووە.

لەلایەن خۆیەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سوپاسی ئەردۆغانی کرد بۆ بڕیاری بەردانەوەی ئاوی زیاتر بۆ ماوەی مانگێک و رایگەیاند، چارەسەکردنی پرسی ئاو لەنێوان هەردوولا پێویستی بە لێکتێگەیشتنی زیاترە.

هەروەها سەرۆک وەزیرانی عێراق جارێکی دیکە سەرەخۆشی لە حکومەت و خەڵکی تورکیا کرد بۆ کارەساتی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات و ئاماژەی بە هاوکارییەکانی عێراقیش کرد بۆ لێقەوماوان و رزگارکردنی قوربانییانی بوومەلەرزەکە.

لەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان عێراق و تورکیا، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بە خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ تورکیا دووپاتکردەوە ئاشکرایکرد، باڵیۆز و کونسوڵەکانی عێراقییان لە تورکیا راسپاردووە بۆ پێدانی ڤیزا بەشێوەیەکی راستەوخۆ بە بازرگانان و وەبەرهێنەرانی تورکیا، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی ئەو بوارە لەنێوان هەردوو وڵات.

لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا، سوودانی رایگەیاند، تورکیا 30 کیلۆمەتر لە خاکی عێراقی بەزاندووە و جەختی لەسەر هەڵوێستی عێراق بۆ رێزگرتن لە سەروەری خاکەکەی کردەوە و راشیگەیاند، رێگەنادەن هیچ هێزێک خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر تورکیا بەکاربهێنێت و ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامی هەماهەنگی نێوان بەغدا و ئەنقەرە لە رووی ئەمنی و زانیاری هەواڵگری.