پۆلیسی سلێمانی: سێ گەنج کەوتنە دەریاچەی دەربەندیخانەوە و یەکێکیان خنکا

دەریاچەی دەربەندیخان
دەریاچەی دەربەندیخان

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، سێ گەنج کە بەمەبەستی راوەماسی روویان لە ناوچەی دەربەندیخان کردبوو، کەوتوونەتە ناو دەریاچەی دەربەندیخانەوە و دووانیان خۆیان رزگار کردووە و یەکێکیان خنکا.

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، ھێزەکانی پۆلیس و تیمە فریاگوزارییەکانی دیکە سەرقاڵی گەڕانن بۆ دۆزینەوەی تەرمی گەنجەکە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی، ئەو سێ گەنجە شەوی رابردوو بە مەبەستی راوەماسی چوونەتە دەریاچەی دەربەندیخان بەلەمێکیان پێبووە و لەوێ ماونەتەوە.

پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و بەھۆی نەشارەزایی یەکێکیانەوە بەلەمەکەیان وەرگەڕاوە و کەوتوونەتە دەریاچەکەوە.

ئاماژە بەوەشدرا، دووان لە گەنجەکان توانیویانە خۆیان رزگار بکەن، بەڵام گەنجەکەی دیکەیان بەناوی (س، ع، م) کە لەدایکبووی 1983 بووە، مەلەی نەزانیوە و خنکاوە.

لەدوای رووداوەکەوە تا ئێستا، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ھەوارەبەرزەی سەر بە بەشی پۆلیسی دەربەندیخان لە شوێنی ڕووداوەکەن و لەگەڵ تیمە فریاگوزارییەکانی دیکەدا سەرقاڵی گەڕانن بۆ دۆزینەوەی تەرمی گەنجەکە.

ھەروەھا بەمەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر لەڕووداوەکە، دوو گەنجەکەی دیکە لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ھەوارەبەرزەوە لە ئێستادا بەبڕیاری دادوەر راگیراون و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا بەردەوامە.