سەرۆکی ئۆکرانیا: شەوی رابردوو رووسیا بە زیاتر لە 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەرمان

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا

K24 - هەولێر:

ڤلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، شەوی رابردوو رووسیا بە زیاتر لە 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک پەلاماری ئۆکرانیای داوە.

زێلێنسکی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی لەبارەی پەلامارەکانی رووسیا بۆ سەر وڵاتەکەی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

زێلێنسکی بە ئاماژەدان بەوەی کە شەوی رابردوو، رووسیا بە زیاتر لە 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "ئێرانی و مووشەک پەلاماری ئۆکرانیای داوە"، گوتی: ئەم پەلامارە تیرۆریستییە تەنها لە یەک شەودایە بۆ سەر ئۆکرانیا چ کاتێک کەسانێک لە مۆسکۆ وشەی 'ئاشتی' ببیستن، فەرمان بۆ ئەنجامدانی پەلاماری تاوانکارانەی لەم جۆرە دەردەچێت. سەرکەوتنەکانی هێزە وشکانی، دەریایی و ئاسمانییەکانی ئۆکرانیا لە ئاشتی نزیکمان دەکەنەوە.

ناوبراو بە پێویستی زانی سزاکان بەسەر رووسیادا جێبەجێ بکرێن، چونکە ئەمە پەیڕەوی ناوخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهێز دەکات، گوتی: "یەکڕیزی جیهانی دەبێتەوە هۆی بەدیهێنانەوەی سەقامگیری جیهانی".

فەرمانگەی دۆخی لەناکاوی ئۆکرانیا رایگەیاند کە بەرەبەیان هێزەکانی رووسیا پەلاماری شاری رژیشچیڤ'یان داوە لە دەڤەری کیێڤ. لە ئاکامی پەلامارەکەدا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و دووانی دیکە بریندار بوون، هەروەها چوار کەسی دیکە لە ژێر داروپەردووی داڕووخاودا گیریان خواردووە.