رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ: ئەنقەرە پێویستە لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵکوژییەکەی جندرێس بکات

"تورکیا پێویستە هەموو هاوکارییەکانی بۆ ئەو هێزە رابگرێت کە پێشێلی مافەکانی مرۆڤ دەکات"
پرسەی هاووڵاتیە کوژراوەکان لە رۆژئاوای کوردستان
پرسەی هاووڵاتیە کوژراوەکان لە رۆژئاوای کوردستان

K24 - هەولێر:

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لەبارەی کۆمەڵکوژییەکەی جندرێس، داوایەک ئاراستەی ئەنقەرە دەکات و دەڵێت، پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف و سەربەخۆ دەستپێبکەن.

ئێوارەی جەژنی نەورۆز لە (20ـی ئاداری 2023) لە جندرێسی رۆژئاوای کوردستان، چوار هاووڵاتی کورد بەهۆی کردنەوەی ئاگری نەورۆزەوە لەلایەن گرووپی 'ئەحرار شەرقییەوە' کوژران و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

ئادەم کوگڵ، جێگری بەڕێوەبەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لەوبارەیەوە رایگەیاند، تورکیا رێگەی بەو چەکدارانە داوە کە توندوتیژی بەرامبەر دانیشتوانی جندرێس بەکاربهێنن، ئەمەش تورکیا دەکاتە هاوبەشی پێشێلکارییەکان.

ئاماژەی بەوەشدا، تورکیا و سوپای نیشتیمانی سوریا لە عەفرین کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت، بەردەوام شکستیان هێناوە لە پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی لە ناوچەکە، گوتیشی: دڵنیابوون لەوەی کە ئەم بکوژانە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و شەفاف لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، هەنگاوێک دەبێت بە ئاراستەیەکی دروستدا.

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ راشیەگیاند، تورکیا پێویستە هەموو هاوکارییەکانی بۆ ئەو هێزە رابگرێت کە پێشێلی مافەکانی مرۆڤ دەکات.

لەلای خۆیەوە رێکخستنی عەفرین بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، کوژراوەکان هەموویان ئەندامی یەک خێزانن و یەکێک لەوانەی بریندارکراوە خاوەن پێداویستی تایبەتە.