لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گەندەڵی 44 بەرپرسی عێراق دەکرێت

K24 - هەولێر

لە عێراق سەبارەت بە دۆسییەی گەندەڵی لێکۆڵینەوە لە 44 بەرپرسی پلە باڵا دەكرێت.

دادوەر حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی نەزاھە لە عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی و بیانی گەیشتە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە وەرگرتنەوەی پارەی قاچاغ و رادەستکردنەوەی ئەو کەسانەی دەستیان لە دزینی پارەی گشتیدا هەیە و بەمنزیكانە لەگەڵ یەكێك لەو وڵاتانە رێککەوتنێک واژۆ دەکەن.

بەپێی راپۆرتی ساڵانەی دەستەی دەستپاکی، سەبارەت بە دۆسیەکانی گەندەڵی دەسەڵاتی دادوەری لێکۆڵینەوەی لەگەڵ 44 وەزیر و بەرپرس، ھەروەھا 244 کەسی خاوەن بڕوانامەی تایبەت و بەڕێوەبەری گشتی كردووە. ئاماژە بەوەشكراوە كە زیاتر لە 32 ملیار و 859 ملیۆن دیناری عێراقی و بڕە پارەیەکی زۆر بە دراوی بیانیش گەڕێندراوەتەوە.