پارێزگاری هه‌ولێر: رێگه‌ به‌وه‌ نادرێت به‌بۆنه‌ی گه‌شت و سه‌یران و ده‌ستپێكی مانگی ره‌مه‌زان نرخی كاڵا به‌رزبێته‌وه‌

ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر
ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر

K24 - هەولێر:

پارێزگاری هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، تیمه‌كانی چاودێری بازاڕ رێگه‌ به‌ فرۆشتنی كاڵای به‌سه‌رچوو ناده‌ن و ئیجرائاتی پێویستیش له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ نرخی كاڵاكان به‌هۆی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆزه‌وه‌ به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاند، له‌هه‌ر شوێنێك كاڵای ماوه‌به‌سه‌رچوو هه‌بێت، تیمه‌كانی چاودێری بازاڕ ده‌ستی به‌سه‌رداده‌گرن.

پارێزگاری هه‌ولێر راشیگه‌یاند، له‌مانگی ره‌مه‌زاندا هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ زیاتر ده‌بێت، له‌كاتی ئاماده‌كاری بۆ ئه‌و مانگه‌ پیرۆزه‌، بڕیاردرا تیمه‌كان كاره‌كانیان چرترده‌كه‌نه‌وه‌.

له‌باره‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی كاڵا له‌مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز گوتی: هه‌ر كاتێك داواكاری له‌سه‌ر كاڵا زیاتربێت، نرخ به‌رز ده‌بێته‌وه‌، دووباره‌ له‌ رێگه‌ی تیمه‌كانی چاودێری بازاڕ، موتابه‌عه‌ی نرخ ده‌كرێت، دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه‌ رێگه‌ به‌وه‌ نادرێت، به‌بۆنه‌ی گه‌شت و سه‌یران و هه‌روه‌ها ده‌ستپێكی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز نرخی كاڵای رۆژانه‌ به‌رز ببێته‌وه‌.

ئومێد خۆشناو ده‌شڵێت: "ناتوانیین ئیجرائات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار كاڵاكان نرخیان به‌رز ده‌بێته‌وه‌".