سه‌رۆككۆماری عێراق: هه‌وڵده‌ده‌ین پشكێكی دادپه‌روه‌رانه‌ی ئاو به‌ده‌ست بهێنین

له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆككۆماری عێراق
له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆككۆماری عێراق

K24 - هەولێر:

سەرۆککۆماری عێراق، رایده‌گه‌یه‌نێت، عێراق هەوڵدەدات پشکێکی دادپەروەرانە لە ئاو بەدەستبهێنێت.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 24ـی ئادار / مارسی 2023)، له‌تیف رەشید سه‌رۆككۆماری عێراق، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ رۆلا دەشتی به‌رێوه‌به‌ری لیژنه‌ی جێبه‌جێكردنی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌نجامدا.

له میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك كۆماری عێراق گوتی: "عێراق بەدەست کەمی ئاوه‌وه‌ دەناڵێنێت، ئەمەش رێژەی وشکەساڵی و بیابانبوون لە عێراق زیادده‌كات، بۆیه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین پشکێکی پێویست و دادپەروەرانە لە ئاو بەدەستبهێنین".

سه‌رۆك كۆماری عێراق، باسی له‌ گرنگی هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ تێپەڕاندنی کاریگەرییەکانی قەیرانی ئاو و گۆڕانی کەشوهەوا كرد،  هەروەها تیشكی خستە سەر پرسی ئاوارەکان و پێویستی چارەسەرکردنی دۆسیه‌كانیان و گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان.

هاوكات رۆلا دەشتی به‌رێوه‌به‌ری لیژنه‌ی جێبه‌جێكردنی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی"ئیسكوا"،  پشتیوانی خۆی بۆ بەرەوپێشبردنی گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە عێراق دووپاتکردەوە، گوتیشی: کۆمیسیۆنی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رۆژئاوای ئاسیا، لە عێراق و لەو ناوچانەی کە لەلایەن گروپە تیرۆریستییەکانەوە کاریگەرییان لەسەرە، كارده‌كات.