سەرۆکوەزیرانی فینلاند بۆ کوردستان24: تورکیا پێش هەڵبژاردن بەئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ پەسەند دەکات

"هەنگاریاش بڕیارە دووشەممەی داهاتوو بەئەندامبوونی وڵاتەکەیان لە ناتۆ پەسەند بکات"
سانا مارین، سەرۆکوەزیرانی فینلاند
سانا مارین، سەرۆکوەزیرانی فینلاند

K24 - برۆکسل:

سەرۆکوەزیرانی فینلاند بە کوردستان24ـی رایگەیاند، تورکیا بڕیاریداوە پێش هەڵبژاردنی وڵاتەکەی، بەئەندامبوونی فینلاند لە هاوپەیمانی ناتۆ پەسەند بکات.

سانا مارین، سەرۆکوەزیرانی فینلاند ئاماژەی بەوەدا، هەنگاریاش بڕیارە دووشەممەی داهاتوو بەئەندامبوونی وڵاتەکەیان لە ناتۆ پەسەند بکات.

سەبارەت بە پرسی ئەو هاووڵاتیە کوردانەی لە فینلاند نیشتەجێن، کە پێشتر باس لەوەکرابوو تورکیا داوای دیپۆرتکردنەوەی ئەو کوردانەی کردووە کە لە سوید و فینلاند هاوکاری دارایی پەکەکە دەکەن، سەرۆکوەزیرانی فینلاند  بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: هێشتا هیچ گفتوگۆیەک سەبارەت بەو پرسە نەکراوە"، بەو واتەیەی کە تورکیا کێشەی لەگەڵ کوردانی نیشتەجێی فینلاند نییە و ئەو بابەتە زیاتر پەیوەندی بە سویدەوە هەیە.

رۆژی 15ـی ئاداری 2022، حکومەتی فینلاند بە فەرمی نیازی خۆی بۆ چوونە ناو هاوپەیمانێتی ناتۆ راگەیاند.

دوای کەمتر لە مانگێك لە هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کە لە رۆژی 24ـی شوبات ئەنجامیدا، جوڵەی چوونە ناو ناتۆ لەلایەن فینلاندەوە دەستی پێکرد، کە ئەمەش گۆڕانکاریەکی گەورە لە سیاسەتی ئەو وڵاتەدا پیشان دەدات.