بۆ دۆزینەوەی تەرمی گەنجێک تیمێکی تایبەت رەوانەی دەریاچەی دەربەندیخان کرا
K24 - هەولێر:
بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو گەنجەی چەند رۆژێک لەمەوبەر لە دەریاچەی دەربەندیخان خنکا، تیمێکی تایبەت رەوانەی دەریاچەکە کرا.
قایمقامیەتی قەزای دەربەندیخان رایگەیاند، تیمەکە سەربە لیوای یەکی پاراستنی سلێمانین و لەسەر داواکاری قایمقایەتی قەزاکە هاتوون بۆ شوێنی رووداوەکە بەمەبەستی دۆزینەوەی تەرمەکە.
ئاماژە بەوەشدرا، کە قائیمقامی قەزای دەربەندیخان بۆ هاوکریکردنیان لە دۆزینەوەی تەرمەکە، پەیوەندی بە نوسینگەی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.
نووسینگەی وەزیری ناوخۆش بەڵێنیاندا ئەوەی لە توانادا بێت هاوکار و پشتیوان بن بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە.
شەوی 21/22ـی ئەم مانگە، سێ گەنج کە بۆ راوەماسی چووبوونە دەریاچەی دەربەندیخان کەوتنە دەریاچەکەوە و یەکێکیان خنکا.
لەدوای رووداوەکەوە تا ئێستا، تیمە فریاگوزارییەکانی ناوچەکە سەرقاڵی گەڕانن بۆ دۆزینەوەی تەرمی گەنجەکە، هەروەها بەمەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر لە رووداوەکە، دوو گەنجەکەی دیکە لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ھەوارەبەرزەوە لە ئێستادا بەبڕیاری دادوەر راگیراون و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا بەردەوامە.