وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا: لە نزیک دێرەزور هێرشمان کردە سەر سوپای پاسداران

هێزەکانی ئەمەریکا و هەسەدە - فۆتۆ: AA
هێزەکانی ئەمەریکا و هەسەدە - فۆتۆ: AA

K24 - هەولێر:

پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند، لە نزیک دێرەزور لە رۆژهەڵاتی سووریا، هێرشیان کردە سەر دوو دامەزراوەی سوپای پاسداران.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا راشیگەیاند: لێکۆڵینەوەکان لە لێکەوتەکانی هێرشەکان بەردەوامییان دەبێت، ئاماژە سەرەتاییەکانیش دەریدەخەن کە دامەزراوەکان تێکشکێندراون و بەدواداچوونیش بۆ ژمارەی کوژرا و قوربانییەکانیان دەکەین.

لەلایەکی دیکەوە، تۆڕی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سووریا ئاشکرای دەکات، لە تۆڵەی هێرشە درۆنیەکانی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا کە بەهۆیەوە بەڵێندەرێک کوژرا و بەڵێندەرێک و پێنج سەربازی دیکەی ئەمەریکی برینداربوون، سوپای ئەمەریکا لەرێگەی 20 مووشەکەوە هێرشی کردە سەر چەند بنکەیەکی سوپای پاسداران و گرووپەکانی سەربەو وڵاتە،

پات رایدەر ئەوەی خستووەتەڕوو، کە هێرشەکان بە مەبەستی پارێزگاری و بەرگریکردن لە هێزەکانی ئەمەریکا بوون، گوتیشی: وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا سەرەخۆشی خۆی بە خانەوادە و هاوکارانی بەڵێندەرە ئەمەریکییەکە دەگەیەنێت کە لە هێرشەکەدا کوژرا و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین، هێزەکانمان لە سووریا لە ئەرکەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی داعش بەردەوامدەبن.