بە ڤیدیۆ.. ئیمانوێل ماکرۆن بە لابردنی کاتژمێرە گرانبەهاکەی دەستی رووبەڕووی رەخنە دەبێتەوە

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا

K24 - هەولێر:

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە هەڤپەیڤینێکدا کاتژمێرە گرانبەهاکەی دەستی لادەبات و بەمەش رووبەڕووی رەخنەی جۆراوجۆر دەبێتەوە.

نوێنەری ماکرۆن لەبارەی لابردنی کاتژمێرەکەی دەستی روونکردنەوەیدا و گوتی: سەرۆکی فەرەنسا کاتێک لە هەڤپەیڤینەکەدا دەستی لەسەر مێزەکە داناوە کاتژمێرەکەی دەنگی لێوە هاتووە، بۆیە لای بردووە.

بەڵام رەخنەگرانی ماکرۆن بانگەشەی ئەوە دەکەن، کاتژمێرەکەی دەریدەخات کە ماکرۆن لە خەڵکی وڵاتەکەی دابڕاوە.

لە هەواڵێكی وێبسایتی BBCـدا ئاماژە بەوەدرا،  کە هەندێک کەس نرخی کاتژمێرەکەی دەستی ماکرۆن بە 86 هەزار دۆلار دەخەمڵێنن، بەڵام چەند لایەنێکی دیکەش دەڵێن کە نرخی راستەقینەی دوو هەزار و 600 دۆلارە.

کۆشکی ئیلیزێ بە رۆژنامەی ئیندیپێندێنتی فەرەنسی راگەیاندووە کە "بە پێچەوانەی ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەوترێت... دیارە ئەم کاتژمێرە نرخەکەی 86 هەزار یۆرۆ نییە".

یەکێک لە رەخنەگرەکان لە تویتێکدا دەڵێت: سەرۆکی دەوڵەمەندەکان هەرگیز بەمشێوە چاکە وەسفی خۆی نەکردووە.

نزیکەی دوو هەفتەیە خۆپیشاندان دژی یاسای چاکسازی خانەنشینی لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا و چاندین شارو چارۆچکەی دیکە بەردەوامە.

زیاتر لە ملیۆنێک هاوڵاتی رژاونەتە سەر شەقامەکان و داوا لە حکومەت دەکەن گوێ لە داواکارییەکانیان بگرێت، یاساکە بە پێشێلکاری بۆ سەر دیموکراسی و پێچەوانەی ویستی گەلی فەرەنسا دەبینن.

خۆپیشاندانەکان دژی یاسای چاکسازی خانەنشینی لە فەرەنسا بەردەوامن و زیاتر لە ملیۆنێک هاوڵاتی رژاونەتە سەر شەقامەکان. وەزارەتی ناوخۆی فەرەنساش ئاشکرایکرد، تەنیا لە 24 کاتژمێری رابردوو زیاتر لە 440 پۆلیس برینداربوون و سەروو 450 خۆپیشاندەریش دەستگیرکراون.

هەروەها بەهۆی دۆخی نائاسایی لە فەرەنسا و بەردەوامی خۆپیشاندانەکانیش، پاشا چارلزی سێیەم گەشتەکەی 26ی ئاداری بۆ فەرەنسا هەڵوەشاندەوە.