ئالين له‌ كليپێكدا داواى يه‌كێتى كوردان و ستايشى پێشمه‌رگه‌ ده‌كات

كليپه‌ نوێيه‌كه‌ى ئالين به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ى پێشمه‌رگه‌ى زێره‌ڤانى به‌رهه‌مهێنراوه
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

ژنه‌ گۆرانيبێژى كوردى رۆژئاواى كوردستان ئالين، به‌ هه‌ردوو زمانى كوردى و ئه‌ڵمانى كليپێكى نوێى به‌ ناوى "يه‌كێتى كوردان" بڵاوكرده‌وه‌ و تێيدا وێڕاى ستايشى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان، داواى يه‌كێتى و ئاشتيى و ته‌بايى بۆ كورد و هه‌رچوار پارچه‌ى كوردستان ده‌كات.

كليپه‌ نوێيه‌كه‌ى ئالين به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ى پێشمه‌رگه‌ى زێره‌ڤانى به‌رهه‌مهێنراوه‌ و له‌ پاڵ هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان، ئاڵاى ئه‌ڵمانياش به‌رز كراوه‌ته‌وه‌ وه‌ك ئاماژه‌يه‌ك بۆ دۆستايه‌تى ئه‌ڵمانيا و پێزانين له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و كۆمه‌ك و هاوكارييه‌ سه‌ربازييه‌ى به‌رلين پێشكه‌شى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستانى كردووه‌.

كليپى "يه‌كێتى كوردان" تێكسته‌كه‌ى له‌لايه‌ن ئالين و ئه‌ديب چه‌لكى ئاماده‌ كراوه‌ و ئاوازه‌كه‌ى له‌ لايه‌ن چه‌ند موزيسيانێكى كورد و ئه‌ڵمانياوه‌ كارى له‌سه‌ر كراوه‌ و رێناس ميران پرۆديسۆرى كاره‌ هونه‌رييه‌كه‌ بووه‌.

هه‌روه‌ها تيپى هه‌ڵپه‌ڕكێى كۆما گۆڤه‌ندا رۆژئاوا به‌شدارييان له‌ كليپه‌كه‌دا كردووه‌ و له‌ كوردستان وێنه‌ى گيراوه‌.

پێشتريش، ئالين وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكى كوردى نيشته‌جێى ئه‌ڵمانيا له‌ سه‌روبه‌ندى په‌لاماره‌كانى داعش بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، نامه‌يه‌كى ئاراسته‌ى راوێژكارى ئه‌ڵمانيا ئه‌نگێلا مێركڵ كردبوو، تێيدا داوايكردبوو، به‌رلين هاوكار و پشتيوانى كوردستان بێت له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و داعش.

له‌ وه‌ڵامى نامه‌كه‌ى ئاليندا، ئه‌نگێلا مێركڵ، له‌ نامه‌يه‌كدا، وێڕاى پشتيوانيكردنى كاره‌ هونه‌رييه‌كانى ئالين رايگه‌ياندبوو، خەباتی هونەری لە سەر پرسى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و داعش مایەی شانازییە و گرنگییەكی تایبەتی پێده‌دات.