عەدنان كەریم لە رۆژھەڵاتی كوردستان گۆرانی دەچڕێت

لە چەند شارێكی رۆژھەڵاتی كوردستان كۆنسێرتی بۆ رێكدەخێت

K24 - ھەولێر

بڕیارە بەم نزیكانە ھونەرمەند عەندنان كەریم، لەگەڵ گرووپی میوزیكی مەحووی سەردانی رۆژھەڵاتی كوردستان بكەن و لە چەند شارێك كۆنسێرتی گۆرانی و میوزیكیان بۆ رێك بخرێت.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سیروان سدیقی بەرپرسی رێکخراوی فەرهەنگی، هونەری تورەنج لە رۆژھەڵاتی كوردستان ئاشكرای كرد: "خەڵکی شارەکانی سنە، کرماشان، سەقز و مەریوان میوانداری گرووپی میوزیكی مەحووی و ھونەرمەند عەدنان کەریم دەكەن".

گوتیشی: "بۆ ھەر رۆژێك شارێك دیاركراوە كە كۆنسێرتی میوزیكی و گۆرانی تێدا بەڕێوەبچێت و بەمشێوەیە دەبێت رۆژی 23ی ئەم مانگە یەكەم كۆنسێرت لە شاری مەریوان و 25 شاری سەقز 27 شاری كرماشان كۆنسێرت بەڕێوەدەچێت، ھەروەھا رۆژانی 29 و 30 و 31 مانگ لە شاری سنە كۆنسێرتی گۆرانی و میوزیك بۆ عەدنان كەریم رێكدەخرێت".

ھونەرمەند عەدنان كەریم یەكێكە لە ھونەرمەندە دیارەكانی كورد، خاوەن چەندین بەرھەمی گۆرانی و میوزیكە و ساڵانێكە لە بواری گۆرانی و میوزیك خزمەت بە ھونەری كوردی دەكات.