رۆژانە لە ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا پێشێلکاری بەرانبەر ئازادی رۆژنامەوانی دەکرێت

K24 - هەولێر:

لە زۆربەی وڵاتاندا، تەنانەت لە وڵاتانی پێشکەوتووش، کە خۆیان بە پارێزگاری مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی دەناسێنن، پێشێلکاری بەرانبەر ئازادی رۆژنامەوانی دەکرێت.

بە گوێرەی راپۆرتێکی بەدواداچوونی ئازادی رۆژنامەوانی ئەمەریکا و کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان - سی پی جەی، لە ماوەی ساڵی 2020  و لە 79 شاری ئەمەریکا، 930 پێشێلکاری بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان کراوە.

لە نێویاندا 100 رۆژنامەنووس دەستگیرکراون و سزادراون، 300 رۆژنامەنووس لە ئەمەریکا رووبەرووی توندوتیژی بوونەتەوە و هێرشیانکراوەتە سەر و 12 رۆژنامەنووسیش سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان داوا لە جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا دەکات رۆژنامەنووسان بپارێزێت.

زۆرترین پێشێلکاری بەرانبەر رۆژنامەنووسان لە ئەمەریکا لە ماوەی بەڕێوەچوونی جوڵانەوەی "بلاک لایڤز ماتەر واتا ژیانی رەشپێستەکان گرنگە." کراوە.

مێری ستێفنس، پرۆفیسۆر لە کۆلێژی راگەیاندنی میزوری ئاشکرایدەکات، لە کاتی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دوو هەزار و 490 جار هێرشکراوەتە سەر رۆژنامەنووسان.

سەبارەت بە پێشێلکارییەکان بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان و بنپێکردنی ئازادی رۆژنامەوانی لە ئەوروپا، فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی یەکێتی ئەوروپا ئاشکرایکردووە، لە ساڵی 2022 لە وڵاتانی ئەوروپا 13 رۆژنامەنووس کوژراون، هەروەها 124 رۆژنامەنووسی دیکەش دەستگیرکراون.

پێشێلکارییەکانی بەرانبەر رۆژنامەنووسان لە وڵاتانی ئەوروپا بە جۆرێکە، کە تورکیا پشکی شێری بەرکەوتووە و 53 رۆژنامەنووس لەو وڵاتە دەستگیرکردووە.

لە بێلارووس 33 رۆژنامەنووس و لە رووسیاش 19 رۆژنامەنووس دەستگیرکراون.

هەروەها لە ئۆکرانیا 13 رۆژنامەنووس دەستگیرکراون.

لە ئازەربایجانیش 4 حاڵەتی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان تۆمارکراوە.

لە هەریەکە لە وڵاتانی جۆرجیا، پۆلەندا و بەریتانیا رۆژنامەنووسێک دەستگیرکراوە.

لە 14ی کانوونی یەکەمی 2022 ش بەهۆی رووماڵی ئاڵۆزییەکانی نێوان هاندەرانی فەرەنسا و مەغریب پۆلیسی بەلجیکا رۆژنامەنووسێکی دەستگیرکرد.

هەر لە ئەوروپا، حەوت کەناڵی تەلەفزیۆنی و وێبسایت داخراون.

ئەڵمانیا و فەرەنسا بڕیاریاندا بە داخستنی کەناڵەکانی ئاڕ تی و سپۆتنینگ.

کەناڵەکانی ئێن تیڤی، ئێن تیڤی میر، رووسیا وەن، رێن تیڤی و پێرڤیێ کەناڵیش داخران.

لە بەرانبەر ئەو پێشێلکارییانەشدا، فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی یەکێتی ئەوروپا داوا لە ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا دەکات، پابەندی ستانداردەکانی ئازادی رۆژنامەوانی بێت.