کەرتی کشتوڵی هەرێمی کوردستان دەتوانێت پێداویستی هەموو عێراق پڕبکاتەوە
K24 - هەولێر:
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامیی پێدانی شایستە داراییەکانی ساڵانی ڕابردووی بە جووتیاران دووپاتکردەوە، بەرپرسێکی ئەو وەزارەتەش رایگەیاند، کەرتی کشتوڵی هەرێمی کوردستان دەتوانێت پێداویستی هەموو عێراق پڕبکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەمە (27ـی ئادار/مارسی 2023)، رزگار محەممەد خدر، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە ئاژانسی هەواڵەکانی عێراقی راگەیاند: "پێدانی شایستە داراییەکان بە جووتیاران بەردەوامە، بەتایبەتی ساڵانی 2015، 2016 و 2017، و دوای ئەوەی وەزارەتی بازرگانی عێراق ئەو بڕە پارەیەی بۆ وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی رەوانەکرد، هەروەها بانکەکانی هەرێم دەستیان کردووە بە پێدانی چەکی پارە بە جووتیاران بە تایبەت ساڵانی 2015 و 2016. لەکاتێکدا پێشتر شایستە داراییەکانی ساڵانی 2017 تا 2020 دابەشکراوە''.
راوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ وەزیری بازرگانی عێراق قسەکراوە سەبارەت بە کردنەوەی سایلۆکان لە کاتی دەستپێکردنی دروێنەکردن لە هەرێم و چارەسەری ئەو کێشانەی دێتە بەردەم وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، و زیاتر گوتی، "ئێمە گەشبینین بە داهاتوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە پرسی خۆراک، کشتوکاڵ و پاڵپشتیکردن و سەیرکردنی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ناوەڕاست و باشووری عێراق بە یەک چاو، بۆ بەدەستهێنانی ئاسایشی خۆراک لە عێراق".
هەروەها رزگار محەممەد خدر روونیکردەوە، سەبەتەی خۆراکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت پێداویستی بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق پڕبکاتەوە، بەهۆی دوو خاڵی سەرەکی، یەکەمیان وەرزە جیاوازەکانمان بەتایبەت وەرزی زستان و پایز، دووەمیش پلەکانی گەرما و بارودۆخی کەشوهەوا کە گونجاوە بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.
لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا، ئەو راوێژکارەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەشبینی خۆی نیشاندا بۆ بەردەوامبوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بەو ئەنجامەی کە سەیری کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە سەروەری عێراق بکرێت.