کاتالین نۆڤاک: هیوادارم پەرلەمانی وڵاتەکەم کار لەسەر پەسەندکردنی داواکارییەکەی سوید بۆ چونە ریز ناتۆ بکات

کاتالین نۆڤاک
کاتالین نۆڤاک

K24 - هەولێر:

کاتالین نۆڤاک سەرۆکی هەنگاریا یاسای ئەندامبوونی فینلاندی لە ناتۆ پەسەند کرد و داوا دەکات پەرلەمانی وڵاتەکەی هەمان رێکار بۆ داواکەی سویدیش بگرێتەبەر.

نۆڤاک راشیگەیاند، دوای واژۆکردنی پەسەندکردنی ئەندامێتی فینلاند لە ناتۆ کە پەرلەمانی هەنگاریا پەسەندیکرد، بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ ساولی نینیستۆ سەرۆکی فینلاند کرد و پیرۆزباییم لێکرد.

سەرۆکی هەنگاریا رایگەیاند، هیوادارم پەرلەمانی وڵاتەکەم بە خێرایی کار لەسەر پەسەندکردنی داواکارییەکەی سوید لە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی بکات.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە (27ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی نیشتمانیی هەنگاریا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامەکانی ئەندامبوونی فینلاند-ی لە ناتۆ پەسەندکرد.

لە دەنگدانەکەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی هەنگاریادا، ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ بە 182 دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر شەش دەنگی نەخێر پەسەندکرا.

فینلاند رەزامەندی پەرلەمانی 29 وڵاتی ئەندامی ناتۆی بەدەستهێناوە، بەڵام بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام لە ناتۆ لە کۆتاییدا پێویستی بە رەزامەندی پەرلەمانی تورکیا هەیە.

رۆژی 24ـی ئەم مانگە، سانا مارین، سەرۆکوەزیرانی فینلاند بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، تورکیا بڕیاریداوە پێش هەڵبژاردنی وڵاتەکەی، بەئەندامبوونی فینلاند لە هاوپەیمانی ناتۆ پەسەند بکات و هەنگاریاش بڕیارە رۆژی دووشەممە (27ـی ئاداری 2023) بەئەندامبوونی وڵاتەکەیان لە ناتۆ پەسەند بکات.

رۆژی 15ـی ئاداری 2022، حکومەتی فینلاند بە فەرمی نیازی خۆی بۆ چوونە ناو هاوپەیمانێتی ناتۆ راگەیاند.