لە سلێمانی دەستبەسەر کۆگایەکی خۆراکی خراپبوودا گیرا

K24  - سلێمانی:

لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی پارێزگای سلێمانی دەستیان گرت بەسەر کۆگایەکی مێوژ و تووی خراپ بوو، کە دانرابوو بۆ ئەم رەمەزانە لە بازاڕدا ساغ بکرێتەوە.

نیوەڕۆی ئەمرۆ سێشەمە (28ـی ئادار/مارسـی 2023) هیوا ساڵح، نوێنەری تەندروستی سلێمانی لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی پارێزگای سلێمانی بە کوردستان24ــی راگەیاند، ئەم کۆگایە کۆمەڵێک میوەی وشکی تێدایە کەڕوو بەسەریاندا کۆببووەوە و شوێنەکە شیاوی ئەوە نییە خۆراکی لێ هەڵبگیرێت، لەبەرئەوەی شوێنەکە هەمووی شێدارە و پیسە.

هەروەها هیوا ساڵح ئاماژەی بەوەشکرد، خواردەمەنییەکان ماوە بەسەرچووە، بەڵام دووبارە بەرواری نوێیان لێداوەتەوە بە ناوی خواردەمەنی تازە دەیانویست بیفرۆشن، هەروەها زۆرینەیان دەستکاری وڵاتی بەرهەمهێنیان کراوە.

نوێنەرەکەی تەندروستی سلێمانی گوتیشی: "شوێنەکە دادەخەین و لێپێچینەوەش لەگەڵ خاوەنەکەی دەکەین، هەم شوێنەکەشی گونجاو نییە بۆ هەڵگرتنی خواردەمەنی، هەروەها لێپێچینەوەی لێدانی بەرواری نوێ و گۆڕینی وڵاتی بەرهەمهێانی خواردەمەنی لەگەڵ خاوەنەکەی دەکەین".