دامەزراوەی گاڵوپی ئەمەریکی: دوای 2003 هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان سەرکەوتووانە توانیویانە سنوورەکانیان بپارێزن و رووبەڕووی تیرۆر ببنەوە

هێزی پێشمەرگە - ئەرشیف
هێزی پێشمەرگە - ئەرشیف

K24 - هەولێر:

لە راپرسییەکیدا، دامەزراوەی گاڵوپی ئەمەریکی تیشکی خستووەتە سەر بارودۆخ هاووڵاتیان و گەشەی ئابووری لە هەرێمی کوردستان لە دوای رزگارکردنی عێراق لە رژێمی سەدام حوسێن بە بەراود بە عێراق.

لە راپرسییەکەدا هاتووە، هەرێمی کوردستان لەرووی پێکەوەژیانەوە لەپێش عێراق و چەندین وڵاتی ناوچەکەوەیە. بە بەراورد بە عێراقیش ژینگەیەکی زۆر باشتری هەیە بۆ وەبەرهێنان.

دامەزراوەی گاڵوپی ئەمەریکی بۆ شرۆڤە و راپرسی، لە راپرسییەکدا تیشیک خستووەتە سەر دۆخی خەڵکی هەرێمی کوردستان و لە دوای رزگارکردنی عێراق لە رژێمی سەدام حوسێن.

لە راپرسییەکەدا هاتووە، دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن سەرەڕای ناسەقامگیری و داڕمانی ئابووری چەندین قەیرانی دیکە، بەڵام لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پێکەوە توانیان ئابووری هەرێم ببوژێننەوە و بە پێچەوانەی ناوچەکانی باشووری عێراق.

ئاماژە بەوەشدراوە، دوای 2003 هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان سەرکەوتووانە توانیویانە سنوورەکانیان بپارێزن و رووبەڕووی هەڕەشەکانی تیرۆر ببنەوە.

لە ساڵی 2008یش 56 لەسەدی دانیشتوای هەرێمی کوردستان ئاماژەیان بە ئارامی هەرێم داوە و لە درەنگانی شەو ئازادانە و بێ مەترسی توانیویانە لە دەرەوە هاتووچۆ بکەن، لەکاتێکدا، ئەو رێژەیە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق تەنیا 43 لەسەد بووە.

لە 2022ش ئەو رێژەیە لە هەرێمی کوردستان بۆ 88 لەسەد بەرزبووەتەوە، لەکاتێدا، لە ناوەڕاست و باشووری عێراق تەنیا 72 لەسەد بووە و بەشێکی زیاتر لە هاوڵاتیان ترسیان هەبووە درەنگانی شەو بە تەنیا هاتووچۆ بکەن.

لە بەشێکی دیکەت راپرسییەکەش ئاماژە بە پێکەوەژیان دراوە لە هەرێمی کوردستان بەجۆرێک بە بەراورد بە هەریەک لە وڵاتانی ئیسرائیل، لوبنان، تورکیا و عێراق پلەی یەکەمی گرتووە. بەجۆرێک رێژەی  پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان 84 لەسەدا، لە کاتێکدا عێراق  59 لەسەدە.

دامەزراوەی گاڵوپ گەشەسەندنی ئابووری لە هەرێمی کوردستان دوای 2003 روونکردووەتەوە، ئاشکرایکردووە، ژینگەی وەبەر‌هێنان لە هەرێم بە بەراورد بە عێراق زۆر باشترە و وەبەرهێنەرانی بیانی زیاتر روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن وەک لە عێراق.